"سێ گەنج کەوتنە دەریاچەی دەربەندیخانەوە و یەکێکیان خنکا"
وێستگەنیوز_
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، سێ گەنج کە بەمەبەستی راوەماسی روویان لە ناوچەی دەربەندیخان کردبوو، کەوتوونەتە ناو دەریاچەی دەربەندیخانەوە و دووانیان خۆیان رزگار کردووە و یەکێکیان خنکا.
پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، ھێزەکانی پۆلیس و تیمە فریاگوزارییەکانی دیکە سەرقاڵی گەڕانن بۆ دۆزینەوەی تەرمی گەنجەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو سێ گەنجە شەوی رابردوو بە مەبەستی راوەماسی چوونەتە دەریاچەی دەربەندیخان بەلەمێکیان پێبووە و لەوێ ماونەتەوە. بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان و بەھۆی نەشارەزایی یەکێکیانەوە بەلەمەکەیان وەرگەڕاوە و کەوتوونەتە دەریاچەکەوە.
دەشڵێت، دووان لە گەنجەکان توانیویانە خۆیان رزگار بکەن، بەڵام گەنجەکەی دیکەیان بەناوی (س، ع، م) کە لەدایکبووی 1983 بووە، مەلەی نەزانیوە و خنکاوە.
لەدوای رووداوەکەوە تا ئێستا، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ھەوارەبەرزەی سەر بە بەشی پۆلیسی دەربەندیخان لە شوێنی ڕووداوەکەن و لەگەڵ تیمە فریاگوزارییەکانی دیکەدا سەرقاڵی گەڕانن بۆ دۆزینەوەی تەرمی گەنجەکە.
ھەروەھا بەمەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر لەڕووداوەکە، دوو گەنجەکەی دیکە لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ھەوارەبەرزەوە لە ئێستادا بەبڕیاری دادوەر راگیراون و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیاندا بەردەوامە.
PM:03:12:22/03/2023
ئهم بابهته 1176
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت