لە رۆژانی نەورۆزدا نرخی کەپر لە سەیرانگاکاندا چەند دەبێت؟

‌شارۆچکەی دوکانی گەشتیاری لە سلێمانی

وێستگەنیوز_ هێڤار

سەرۆکی دەستەی گەشت و گوزاری هەرێم رایدەگەیەنێت، "بۆ رۆژانی جەژنی نەورۆز رێنمایی تایبەت بۆ هێشتنەوەی نرخەکان بەجێگیری دراوەتە شوێنە گەشتیارییەکان و چاودێری نرخەکان دەکەن." سەرپەرشتیاری یەکێک لە پرۆژە گەشتیارییەکانیش دەڵێت، "نرخەکان گۆرانکارییان بەسەردا دێت و نرخی هەر کەپرێک تا 60 بۆ 75 هەزار دینار بەرزدەبێتەوە."

ئەمرۆ یەکشەممە 19ـی 3ـی 2023، ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشت و گوزاری هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هاتنی جەژنی نەورۆز و ئامادەکارییەکانی دەستەکە، بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "پیرۆزبایی لە تەواوی خەڵکی کوردستان دەکەین. هیوادارین کاتێکی خۆش بەسەربەرن.  پیرۆزبایی لە کارمەندانی دەستەی گەشتوگوزار و کارمەندانی پۆلیس و ئاسایش و سەرجەم هێزە ئەمنییەکان و فرۆکەخانە و خاڵە سنوورییەکان دەکەم. سوپاس بۆ لیژنەکانی قائیمقامیەت کە هاوکارێکی باشن بۆ چاودێری ناوچە و شوێنە گەشتیارییەکان."

هەروەها وتی، "سوپاسی کەرتی تایبەت دەکەین کە لە هەموو بۆنە و جەژن و رۆژە تایبەتەکاندا، ئەرکێکی زۆر دەکەوێتە سەر شانی ئەوان."

ئەمەل جەلال سەبارەت بە رێنماییەکانیان بۆ گەشتیاران، وتی: "سەرجەم تیمەکان راسپێردراون تا چاپەمەنی و بڵاوکراوەکان بدەن بە گەشتیاران و گروپە گەشتیارییەکان بۆ ئەوەی ئاستێکی شارستانی جوان بەرجەستە بکەین." 

دەربارەی بەرزبوونەوەی نرخ لە کەپر و کابینە گەشتیارییەکاندا لە رۆژانی جەژنی نەورۆزدا، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار ئاشکرایکرد، تیمەکانیان بە هاوکاریی لیژنەکانی قائیمقامیەت رێنمایی تایبەتیان داوە بە سەرجەم شوێنە گەشتیارییەکان بۆ ئەوەی نرخەکان زۆر گۆرانکارییان بەسەردا نەیەت." 

هاوکات، ئەمەل جەلال نایشارێتەوە کە ئاشکرایە گۆرانکاری لە نرخدا هەر روو دەدات و دەڵێت، "بابەتی نرخ و چالاکییە گەشتیارییەکان، کەپر و کابینەکان، رێنمایی تایبەتمان بۆ دەرکردوون بەڵام ئەوە راستییەکە بووەتە کەلتوورێک لە هەموو جیهاندا کە لە کاتی بۆنە و جەژنەکاندا بەهۆی زۆری خواست، گۆرانکاری بەسەر نرخەکاندا دێت. بەڵام نابێت ئەو گۆرانکارییانە بە جۆرێک بێت کە کاریگەری لەسەر هاوڵاتیان دروستبکات و نەتوانن گەشت و سەیرانی خۆیان ئەنجام بدەن."

هەر لەسەر پرسی بەرزبوونەوەی نرخ، خاوەنی یەکێک لە کەپرە گەشتیارییەکانی شارۆچکەی دوکانی گەشتیاری لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "لە ئێستادا نرخی کەپرەکانمان 30 هەزار دینارە، بەڵام بۆ رۆژی 21ـی 3ـی 2023 نرخەکان هەتا 60 بۆ75 هەزار دینار بەرزدەبێتەوە."

ئاماژەی بەوەشکرد، "دەوترێت ساڵانی پێشوو نرخی هەر کەپرێک بۆ 400 هەزار دینار بەرزبووەتەوە، بەڵام ئەوەم بە چاوی خۆم لەسەر هیچ پسووڵەیەک نەبینیوەو زانیارییم نییە. بەڵام دەشێت لە یەکەم رۆژی نەورۆزدا نرخی هەندێک کەپر بۆ 100 دۆلار بەرزببێتەوە، رۆژانی دواتر ئاسایی دەبنەوە و نرخی هەر کەپرێک دەبێتەوە بە 30 هەزار دینار."


PM:06:03:19/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 2192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو