وەزارەتی دارایی دۆسیەی زیاتر لە 4 هەزار فەرمانبەر کە بە نایاسایی دوو مووچەیان هەبووە ڕەوانەی دیوانی چاودێری دەکات


وێستگەنیوز_

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، "دۆسیەی چوار هەزار و 189 فەرمانبەر و خانەنشین ڕەوانەی دیوانی چاودێری دارایی دەکات کە بەشێوەی نایاسایی دوو مووچەیان هەبووە."

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە، "بەپێی بڕیاری کۆتایی لیژنەی وردبینی و لێکۆڵینەوەی تایبەت بەلیستی فەرمانبەران و خانەنشینان کە ژمارەیان دە هەزار و 819 مووچەخۆر بوو، لە سیستەمی بایۆمەتری دووجار یان زیاتر تۆمارکراون. "

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای تەواوکردنی ڕێکارەکانی یەکلایی کردنەوەی ناوی ئەو مووچەخۆرانەی کە دوو مووچەیان هەیە لەلایەن لیژنەی تایبەتمەند، لە کۆی دە هەزار و 819دۆسیەی دوو مووچەیی، دەرکەوت کەچوار هەزار و 189 دۆسیەیان بەنایاسایی دوو مووچەیان هەبووە بەپێی ئەم ڕیزبەندییە:

1. 1973 کەس بەنایاسایی دوو مووچەی خانەنشینیان وەرگرتووە.    

 2. 1849 کەس بەنایاسایی دوو مووچەی فەرمانبەری و خانەشینیان وەرگرتووە.    
        
 3. 367 کەس بەنایاسایی دوو مووچەی فەرمانبەریان وەرگرتووە.  

جەختیشی کردووەتەوە لەوەی، وەزارەتی دارایی و ئابووری دۆسیەی سەرجەم ئەو مووچەخۆرە نایاساییانە بە داتاو زانیاری تەواو ئاڕاستەی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان دەکات تا لە ڕێگای دەستەکانیانەوە ووردبینی لە ڕێکارەکانی بڕین و گێڕانەوەی ئەو بڕە مووچانە بکەن کە لە دوای1ـی 7ـی 2020بەدواوە بە نایاسایی وەرگیراوە، پێویستە بەزوترین کات لێیان وەربگیرێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.


PM:05:27:19/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 1432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو