عێراق ئیمزاكردنی‌ رێكه‌وتننامه‌یه‌كی‌ ئه‌منی‌ هاوبه‌شی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئێران راگه‌یاند


وێستگه‌ نیوز-
حكومه‌تی‌ عێراق رێكه‌وتننامه‌یه‌كی‌ ئه‌منی‌ هاوبه‌شی‌ له‌گه‌ڵ‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران ئیمزاكرد، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراقیش رایگه‌یاند كه‌ ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ خاكی‌ عێراق ببێته‌ گۆڕه‌پانی‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان.


ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق پێشوازی‌ له‌ عه‌لی‌ شه‌مخانی‌ ئه‌مینداری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی ئێران و وه‌فدی‌ یاوه‌ری‌ كرد.

له‌ دیداره‌كه‌دا وتووێژ ده‌رباره‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان هه‌ردوو وڵات، بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ و سیاسی‌ ته‌واوی‌ ناوچه‌كه‌ و رێگاكانی‌ چه‌سپاندنی‌ ئاسایش و سه‌قامگیری‌ ناوچه‌كه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك وه‌زیران هه‌ڵوێستی‌ چه‌سپاوی‌ عێراقی‌ دووپاتكرده‌وه‌ كه‌ ره‌تیده‌كاته‌وه‌ له‌ عێراقه‌وه‌ هێرش بكرێته‌سه‌ر وڵاتانی‌ دراوسێ.

سودانی‌ به‌توندی‌ ره‌تیكرده‌وه‌ كه‌ خاكی‌ عێراق ببێته‌ شوێنی‌ نمایشی‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان و لێیه‌وه‌ هێرش بكرێته‌ سه‌ر وڵاتانی‌ تر، یاخود ده‌ست بۆ سه‌روه‌ری‌ عێراق ببرێت.

هاوكات سودانی‌ پێشوازی‌ له‌ رێككه‌وتنی‌ نێوان كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران و وڵاتی‌ سعودیه‌ كرد و ئاماده‌یی ده‌ربڕی‌ بۆ هه‌ر كارێك كه‌ سه‌قامگیری‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا بچه‌سپێنێت.

لای‌ خۆیه‌وه‌ شه‌مخانی‌ سوپاسی‌ رۆڵی‌ عێراقی‌ كرد له‌و بواره‌دا و سڵاوی‌ ئیبراهیم ره‌ئیسی‌ سه‌رۆكی‌ ئێرانی‌ گه‌یانده‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق و خواستی‌ بۆ په‌ره‌پێدانی‌ په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی‌ نێوان هه‌ردوو وڵات ده‌ربڕی‌.

هاوكات به‌ چاودێری‌ سودانی‌، كۆنوسێكی ئه‌منی هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌ردوو وڵات ئیمزاكرا به‌جۆرێك له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ قاسم ئه‌لئه‌عره‌جی راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ عه‌لی شه‌مخانی ئیمزایان كرد.

به‌پێی‌ كۆنووسه‌كه‌، هه‌ماهه‌نگی له‌بواری پاراستنی سنوری هاوبه‌شی نێوان هه‌ردو وڵات ده‌كرێت و هاوكاری هاوبه‌ش له‌چه‌ندین بواری ئه‌منیدا له‌خۆ ده‌گرێت.  


PM:05:24:19/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 1100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو