سوودانی: گێڕانەوەی متمانەی هاوڵاتیان و شەری گەندەڵی گەورەترین ئاڵنگارییەکانی بەردەم حکومەتن


وێستگەنیوز_

محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆک وەزیرانی عیراق لە میانی پێشکەشکردنی وتارێک لە پێنجەمین کۆنگرەى دیالۆگى بەغدا رایگەیاند، شەری گەورەیان "دژی گەندەڵییە". دەشڵێت، "گێرانەوەی متمانەی هاوڵاتیان گەورەترین ئاڵنگارییە."
 
ئەمرۆ 19ى ئادارى 2023، لە شاری بەغداى پایتەختی عێراق 'پێنجەمین کۆنگرەى دیالۆگى بەغدا' بەڕێوەچوو. تێیدا سەرۆک وەزیرانی عیراق وتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا وتی، "بە راشکاوانە دەڵێم، گەورەترین ئاڵنگارى، گەڕاندنەوەى متمانەى هاوڵاتیانە کە بەهۆى خراپى بەڕێوەبردنی کاروبارەکانەوە پاشەکشەی کردووە، زۆرى بەڵێن و قسە و کەمى کردار و دەستکەوت هۆکاری سەرەکی بووە."
  
محەممەد شیاع سوودانى ئاماژەی بەوەکرد: "بەوپێیەى کە ئێمە لەسەروبەندى یادکردنەوەى گۆڕانکارین. جێگەى خۆیەتى دووپاتی بکەینەوە کە ئەو رژێمەى کۆتایی هات لە زۆرێک لە جومگەکاندا ماوە و هێشتا گیرۆدەین بەدەستى سیستمێکى یاسایی بە عەقڵیەتێکى چەقبەستوو کە پێویست دەکات چاکسازیى تێدا بکرێت بەهەموو شێوەکانییەوە."

سەبارەت بە دۆخی گەندەڵی لە عیراقدا، شەفافیەتی نێودەوڵەتی ئاشکرایکردووە، "عێراق 23ـەمین گەندەڵترین وڵاتی جیهانە. وەزارەتی پلاندانانیش نایشارێتەوە کە 25٪ی دانیشتووانی لە ژێر هێڵی هەژاریدان." چاودێرانیش جەختدەکەنەوە ئەوە خۆی لە خۆیدا "نیشانەی بوونی گەندەڵییە لە زۆرینەی جومگەکانی عیراق-ـدا."

ئەنجامدانى پێنجەمین کۆنگرەى دیالۆگى بەغدا؛ هاوکاتە لەگەڵ بیستەمین ساڵیادى دەستپێکردنى شەڕی عێراق لە ساڵى 2003 کە تێیدا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کۆتاییان بە دەسەڵاتى حزبى بەعس لە عێراق هێنا.


PM:02:44:19/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 928 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو