ئیبراهیم تاتڵیساس لەسەر لیستی ئاکپارتی خۆی کاندید دەکات

‌ئیبراهیم تاتڵیساس و ئەردۆغان

وێستگه‌نیوزـ

هونەرمەندی بەڕەچەڵەک کورد و بەناوبانگی تورکیا، ئیبراهیم تاتڵیساس خۆی بۆ پەرلەمانتاری لەسەر لیستی ئاکپارتی كاندید دەکات.

 
ئیبراهیم تاتڵیساس رۆژی 18ـی مانگ بە میدیاکانی تورکیای راگەیاند، خۆی لەسەر لیستی ئاکپارتی لە بازنەی رووهای باکووری کوردستان بۆ پەرلەمانتاری کاندید دەکات.
 
ئەو هونەرمەندە تەمەن 71 ساڵە راشیگەیاند، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای زۆر خۆشدەوێت و دەخوازێت لە ریزەکانی ئاکپارتیدا پاڵپشتی لە ئەردۆغان بکات، بۆ ئەم مەبەستەش خۆی لە بازنەی رووها لەسەر لیستی ئاکپارتی بۆ هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاری ئەمساڵ وەک كاندید تۆمارکرد.
 
لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا، ئیبراهیم تاتڵیساس چوار جار ویستوویەتی خۆی لەسەر لیستی ئاکپارتی كاندید بکات. لە دوایین سەردانی ئەردۆغانیشدا بۆ رووها بەمەبەستی کردنەوەی ژمارەیەک پرۆژەی خزمەتگوزاری، تاتڵیساس لە رێوڕەسمەکەدا بەشداربوو و گۆرانی وت.
 
رۆژی 10ـی ئازاری 2023، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، وادەی هەڵبژاردنی ئەمساڵی سەرۆکایەتیی کۆمار و پەرلەمانی تورکیا ئاشکراکرد و رایگه‌یاند: "بڕیارمدا هەڵبژاردنەکان لە رۆژی 14ـی ئایاری ئەمساڵ بکرێت".
 
بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و پەرلەمانی تورکیا، چوار كاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار و چوار هاوپەیمانی هەن و 36 پارتی سیاسی مافی بەشداریکردنیان دەبێت.


PM:12:09:19/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 1428 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو