ئەندامێکی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: هەموو سێ مانگ جارێک پاکتاوی هەژمارەکانی هەرێم دەکرێت


وێستگه‌ نیوزـ

ئەندامێکی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەپێی پرۆژەیاسایی بودجەی 2023 هەموو سێ مانگ جارێک پاکتاوی هەژمارەکانی هەرێم دەکرێت و پشکی هەرێم لەو سێ مانگەدا دیاری دەکرێت و حکومەتی ناوەندی خۆی تێچوو و کرێی کۆمپانیا نەوتییەکان دەدات. 

لە بەرنامەی تاوتوێی كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی، شێروان میرزا، ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگه‌یند: هەولێر و بەغدا رێککەوتون لەبارەی کێشەی نەوت و غاز کە بووەتە سەرچاوە بۆ کێشەی هەرێم و ئاشكرایكرد كه‌ دوای بڕیارەکەی دادگای ناوەندی هەرێم و بەغدا ناچار بوون رێککەوتنێک بکەن بۆ رێکخستنەوەی فرۆشتنی نەوت و گازی هەرێم.

"لە پرۆژەیاسایی بودجەی ساڵی 2023دا هاتووە کە دەبێت داهاتی ئەو 400 هەزار بەرمیل نەوتەی رۆژانە هەرێم دەیفرۆشێت لە بانکێک دابنرێت و تەنها سەرۆک وەزیرانی هەرێم بۆی هەبێت ئەو پارەیە رابکێشێت و دەستکاری بکات، بەڵام پێویستە هەژمارەکە لەژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی هەرێمدا بێت و مانگانە وەزارەتی دارایی هەرێم سەرجەم راپۆرتەکانی بداتە بەغدا و لەوێوە پەسەند بکرێت." شێروان میرزا وای وت.

وتیشی: بەپێی پرۆژەیاسایی بودجەی 2023، هەموو سێ مانگ جارێک پاکتاوی هەژمارەکانی هەرێم دەکرێت و پشکی هەرێم لەو سێ مانگەدا دیاری دەکرێت و حکومەتی ناوەندی خۆی تێچوو و کرێی کۆمپانیا نەوتییەکان دەدات.

لە ماوەی رابردوودا، دادگای باڵای فیدراڵی رایگەیاند، فرۆشتنی نەوت و غازی لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە نایاساییەوە و ئەو بڕە پارەیەشی لە بەغداوە دێتە هەرێم هەر نایاساییە، بەڵکو دەبێت هەرێم بەپێی پشکی خۆی پارە وەربگرێت.

بەگوێرەی پڕۆژە یاسای بودجه‌ی 2023ی حكومه‌تی عێراقیش كه‌ بڕه‌كه‌ی 140 ملیار دۆلاری ئەمریکییه‌، پشکی هەرێم لە 12.67٪ه‌.


PM:10:57:18/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 1088 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت