یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی مۆسكۆ به‌رامبه‌ر بڕیاری ده‌ستگیركردنی پوتین
ڤلادیمیر پوتین سه‌رۆكی روسیا
وێستگه نیوز-
له یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌دا به‌رامبه‌ر ده‌ركردنی بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌یان، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی روسیا رایگه‌یاند كه بڕیاره‌كانی دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی هیچ گرنگییه‌كیان بۆ وڵاته‌كه‌ی نییه.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه "دادوه‌ر فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ڤلادیمیر پوتین سه‌رۆكی روسیا ده‌ركردووه به‌هۆی تێوه‌گلانی له كرده‌وه‌كانی رفاندنی منداڵان له ئۆكرانیا".
دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ده‌ڵێت: "پوتین تۆمه‌تباره به ئه‌نجامدانی تاوانی جه‌نگ به‌هۆی ڕاماڵینی دانیشتوان و منداڵ له ناوچه داگیركراوه‌كانی ئۆكرانیاوه بۆ روسیا".
هاوكات دادگاگه به‌هه‌مان تۆمه‌ت، فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ماریا ئالیكسییفنا لفوفا بیلوفا رێپێدراوی مافه‌كانی منداڵ له نووسینگه‌ی سه‌رۆكی روسیا ده‌ركردووه.
له یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌دا، ماریا زاخارۆڤا وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی روسیا له نامه‌یه‌كی ته‌له‌گرامدا وتی: "بڕیاره‌كانی دادگه‌ی تاوانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ وڵاته‌كه‌مان، هیچ گرنگییه‌كیان نییه".
وتیشی: "روسیا لایه‌نێك نییه له سیستمی بنه‌ڕه‌تیی رۆمای تایبه‌ت به دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی و هیچ پابهندییهكیشی له‌سه‌ر نییه".
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی روسیا جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه مۆسكۆ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ دادگاكه‌دا ناكات.
زاخارۆڤا جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه "فه‌رمانه‌كانی ده‌ستگیركردنی ده‌ركراو له لایه‌ن دادگه‌ی تاوانی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه، بۆ روسیا له رووی یاساییه‌وه پووچه‌ڵن".
هاوكات دیمیتری پێسكۆڤ، وته‌بێژی سه‌رۆكی روسیا به رۆژنامه‌نووسانی وت: "روسیا وه‌ك زۆر له وڵاتانی دیكه، دان به كاری ئه‌و دادگه‌یه‌دا نانێت؛ بۆیه له دیدگه‌ی یاساییه‌وه، ئه‌م بڕیارانه پووچه‌ڵن".
PM:10:57:17/03/2023
ئه‌م بابه‌ته 3904
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت