محیەدین ئیبراهیمی، بەندكراوی سیاسی كورد لە زیندانی ورمێ بەنهێنی لەسێدارە درا

‌محیەدین ئیبراهیمی، بەندكراوی سیاسی كورد

وێستگه‌نیوزـ

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، سزای لە سێدارەدانی محەیەدین ئیبراهیمی، بەندكراوی سیسای كورد، بەنهێنی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ كرا. ئەوەش حەوتەم بەندكراوی كوردە كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە زیندانی ورمێ لەلایەن دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە سێدارە دەدرێت.

رێكخراوەكە، لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی سزای لەسێدارەدانی محیەدین ئیبراهیمی، بەندكراوی سیاسی كورد، تەمەن 43 ساڵ و خەڵکی شنۆ لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێکرا.

بەپێی قسەی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەسێدارەدانی ئەو بەندكراوە سیاسییە كوردە، لە کاتێکدا جێبەجێکراوە کە لە كاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، فەرماندار و سەرۆکی شارەوانی شنۆ پەیوەندییان بە بنەماڵەی ناوبراوەوە كردوە و پێیان ڕاگەیاندون کە سزای سێدارەی محیەدین ئیبراهیمی راگیراوە و بنەماڵەکەی لە ورمێوە بۆ شنۆ گەڕابونەوە. بەڵام سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پەیوەندیی بە بنەماڵەكەیەوە كراوە کە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان سەردانی زیندانی ورمێ بکەن.

شەوی رابردو فەخرەدین ئیبراهیمی، کوڕی ئەم بەندکراوە سیاسییە لەپێش زیندانی ناوەندیی ورمێ لەلایەن هێزەکانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەرکرابو.

محیەدین ئیبراهیمی، رۆژی چوارشەممەی رابردو بەمەبەستی جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانەكەی بۆ بەندی تاکەکەسی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ گواسترابوەوە. ناوبراو رۆژی پێنجشەممە دوایین دیداری لەگەڵ بنەماڵەکەی ئەنجامدابو.

محیەدین ئیبراهیمی تەمەن 43 ساڵ و خەڵکی گوندی ئاوایی «ئاڵکاوێ» سەر بەشاری شنۆ، رۆژی شەممە 4ی تشرینی دووەمی 2017، لە کاتێکدا سەرقاڵی کۆڵبەری بو، لەلایەن هێزەکانی جێگیر لە پایەگای بێمزورتێ درابوە بەر دەستڕێژو بەسەختی بریندار و پاشان دەستبەسەر کرابو.

ئەو هاوڵاتییە کوردە لە مانگی ئابی 2018 بۆ جاری یەکەم لەلایەن لقی دوی دادگای شۆڕشی ورمێوە بەتۆمەتی هاوکاری و ئەندامێتی لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

مەحیەدین ئیبراهیمی، ڕۆژی شەممە، 18ی كانونی دوەمی 2020 سزای سێدارەکەی بۆ جاری دووەم بەتۆمەتی "ئەندامەتی لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران" لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێوە، پشتڕاست کراوەتەوەو هەمان رۆژ بە فەرمی پێی راگەیەندراوە.

محیەدین ئیبراهیمی خێزاندارە و باوکی دوو منداڵی کەم ئەندامەو بەرلەوەش بەتۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حزبی دێموکرات بۆ ماوەی 14 مانگ لە زیندان راگیرابو.

نورەدین ئیبراهیمی برای ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ساڵی 2017و چەند مانگێك پێش دەستبەسەرکرانی، لەکاتی کۆڵبەری لە سنوری شنۆ کەوتە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و کوژرا.

هەروەها محەممەد باپیر ئیبراهیمی، باوکی ناوبراو پێشتر لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کوژرابو.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، سزای لە سێدارەدانی شەش بەندكراوی دیكەی كورد لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ كرا.

پێشتر رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، سزای لەسێدارەدانی پێنج بەندکراوی خەڵکی ورمێ بە ناوەکانی فروهەر عەباسی نەژاد تەمەن 40 ساڵ، محەمەد ئەیوبیان تەمەن 37 ساڵ، جەهانبەخش ڕادلویی، حەسەن عومەری و یاسین ڕەشیدی کە پێشتر لە پەیوەندی لەگەڵ تاوانە پەیوەندیدارەکان بە مادەی هۆشبەر سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێکرا.

بەپێی قسەی رێكخراوەكە، هاوكات لەگەڵ ئەو پێنج كەسەدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێکی دیکە بە ناوی "نەسرین نیازی (نەسیم)" کە لەبەندی ژنانەوە بۆ بەندی تاکەکەسی گواستراوەوە جێبەجێکراوەو هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دۆسیەی ناوبراو و تۆمەتە سەپێندراوەکان بەسەریدا لەبەردەستدا نییە.

هەندێک سەرچاوە لە بەندی ژنانەوە بە هەنگاویان راگەیاندوە کە ئەو ژنە بەتۆمەتی "سیخوری بۆ ئیسرائیل" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام هەنگاو تا ئێستا ناتوانێ ئەو زانیاریانە پشڕاست بکاتەوە.



PM:02:31:17/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 1320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو