ژنێک و دوو کچەکەی لە هەمان منداڵدانی دایکیانەوە هاتوونەتە ژیان


وێستگەنیوز-الشرق الاوسط

کورتەی چیرۆکەکە بەمجۆرەیە، ژنێک بەناوی دیبۆرا بێرلیوز، کە ژنێکی ٣٠ ساڵەی فەرەنسییە، ٣٠ ساڵ پێشتر لە منداڵدانی بریژیت-ی دایکیەوە هاتۆتە بوون، پاش سی ساڵ کچەکەشی لە هەمان منداڵدانەوە لەدایک بوو، ئێستا چاوەڕێی کچی دووەمی دەکات لە هەمان منداڵدانەوە، ئەمە چۆن ڕووی دا و بۆچی بەو شێوەیە بوو؟

دیبۆرا، کاتێک گەورە بوو، ساڵانێک پێش ئەوەی هاوسەرگیریی بکات، لە پشکنینێکدا بۆی دەردەکەوێت کە منداڵدانی نییە و توانای نەوەخستنەوەی نییە، ئەمە وەکو بوومەلەرزەیەک ژیانی بەسەریەکەدا داڕماند، پاش ماوەیەک لە چارەسەری دەروونیی، پەنا دەباتە بەر وەرزشکردن بۆ ئەوەی ئەو نەهامەتییە لەبیری خۆی بەرێتەوە و دەبێتە مەلەوانێکی پیشەگەر، بریژیت-ی دایکی هێندەی هەموو دونیا خەمبار دەبێت و هەموو کات بە کچەکەی دەڵێت ئەگەر دەرفەت هەبووایە بێ سێ و دوو منداڵدانی خۆمم دەدایتێ بۆ ئەوەی منداڵت ببێت، بەڵام ئەو کارە بە بڕوای دیبۆرا و بریژیتی دایکیشی خەیاڵپڵاویی و خۆشبینییەکی سادەلەوحانە بووە.

بەپێی ئامارە تەندرووستییەکان، ساڵانە نزیکەی «١٥٠» کچ، لە سەرتاسەری دونیا بەبێ منداڵدان لەدایک دەبن، ئەو ئەندامە بێگیانەی کە ژیان دەبەخشێت. دیبۆرا یەکێک بوو لەوانە، دوای بیستنی هەواڵی نەبوونی منداڵدان لە لەشیدا، بڕیاری دا ئەو نەهامەتییە لەیادی خۆی بەرێتەوە و خۆی تەرخان بکات بۆ ژیانێکی بەدەر لە منداڵ و ساڵانێکی زۆری بەو جۆرە بەڕێ کرد، هەتا ڕۆژێک هەموو شتێک ئاوەژوو بووەوە.

ڕۆژێکی ساڵی ٢٠١٤، لە یەکێک لە مێدیاکانی فەرەنساوە هەواڵێک بڵاوکرایەوە کە: "لە سوید، یەکەم منداڵ کە لە منداڵدانێکی چینراودا گەشەی کردووە؛ لەدایکبوو". دیبۆرا ئەم هەواڵەی بەرچاو دەکەوێت، پرشنگی هیوا لە دڵیدا دەگەشێتەوە، دایکیشی ئاگادار دەکاتەوە و سەرلەنوێ هیوای نەوەخستنەوە لای دیبۆرا دەبووژێتەوە.

هەتا ئێستا ١٠٠ نەشتەرگەری چاندنی منداڵدان لە سەرتاسەری جیهان کراون، لەوانە ٧٥ دانەیان سەرکەوتوو بوون و لەمانەش ٥٠ منداڵ هاتوونەتە ژیانەوە، پرۆفیسۆری فەرەنسیی لووبنانیینەژاد ژاک ماری ئەیووبیی، پزیشک و پسپۆڕی بواری منداڵبوون و ژنان، پێی وایە کە هێشتا ئێمە لە سەرەتای هەوڵەکانداین بۆ چارەسەرێکی بنەڕەتیی و خێرای ئەم کێشەیە، چونکە نەشتەرگەرییەکانی دەرهێنان و گواستنەوە و چاندنی منداڵدانەکە بە دەست دەکرێن و لە داهاتوودا کاتێک تەکنەلۆژیای ڕۆبۆتیک و ژیریی دەستکردیش دێنە ئەم بوارەوە، ڕەنگە کارەکان سەرکەوتنی گەورەتر تۆمار بکەن.

پرۆفیسۆر ئەییووبی، ساڵی ٢٠١٩، لە نەخۆشخانەی «فووش» لە پاریس و بە هاوکاریی تیمێکی پسپۆڕی سویدی، نەشتەگەریی گواستنەوەی منداڵدانی بریژیت-ی شەستساڵەی دایکی بۆ ناو هەناوی دیبۆرای کچی بە سەرکەوتوویی ئەنجام دا و ساڵێک دواتر «میشا»ـی کچۆڵە لە هەمان ئەو منداڵدانەوە کە سی ساڵ پێشتر دیبۆرای دایکی میشای لێوە هاتبووە دونیاوە؛ لەدایک بوو.

دیبۆرا بە «الشرق الاوسط»ـی وتووە: "میشا ڕێک لەو منداڵدانەوە هاتۆتە بوون کە ساڵانێکی زۆر پێشتر من و براکانم لێوەی هاتووینەتە دونیا، بەڵام میشا خوشکم نییە، بەڵکو کچی بایۆلۆژییمە، چونکە جگە لە ڕەحمی دایکم هەموو تۆ و هێلکە و شتەکانی دیکە لە منەوەن و ئەو لە هەناوی مندا گەشەی کردووە".

نەشتەرگەری گواستنەوە و چاندنی منداڵدان، کارێکی زۆر دژوار و هەستیارە و زۆر پێشمەرج و پێداویستیی هەن، بە وتەی پ. ئەییووبیی، ئەم نەشتەرگەرییە ساڵی ٢٠١٦ لە فەرەنسا کاری تێدا دەکرێت بە وتەی ئەییووبیی هەموو ژنێک ە منداڵدانی نییە دەتوانێت ئەم نەشتەرگەریی چاندنەی بۆ بکرێت بە مەرجێک توانای منداڵبوونی هەبێت. دەبێت ئەو ژنەی منداڵدانەکەی بۆ دەچێنرێت تەمەنی لەنێوان ٢٥-٣٨ساڵییدا بێت و ژنە ڕەحمبەخشەکەش لەسەروو ٤٠ ساڵەوە بێت بەمەرجێک ٦٥ی تێنەپەڕاندبێت و لە دوو منداڵ زیاتری بووبێت و منداڵدانی تەندرووست بێت و وەڵامدەرەوەی هۆرمۆنی ئیسترۆجین بێت. 

ئەمانە مەرجە بنەڕەتییەکانن بۆ گواستنەوە و چاندنی منداڵدان، بەڵام هێشتا دوو مەرجی گرنگی دیکە هەن: یەکەمیان دەبێت وێکچوونی بەرگرییانەی لەش و پەیوەندییەکی ڕۆحییانەی قووڵ لەنێوان هەردوون ژنەکەدا هەبێت. بۆ یەکەمیان ساڵیک پێش نەشتەرگەرییەکە دەبێت چاودێریی هەردوو ژنەکە بکرێت و دوای دڵنیابوونەوە لە چوونیەکی بەرگریی لەش و پەیوەندیی ڕۆحیی ئینجا کارەکە دەست پێ بکرێت، ڕەحمبەخش دەکرێت دایک، خوشک. خزمێکی نزیک و تەنانەت هاوڕێیەکیش بێت. لە هەمووشیان گرنگتر بە وتەی پ. ئەییووبیی "دەبێت ئەم کارە بەخشینێکی مرۆڤانەی پەتیی دوور لە هەر بەرژەوەندییەکی ماددی بێت". 

هەنووکە دیبۆرا چاوەڕێی کچی دووەمی دەکات، بە ناوی ماکسین، کە ئاوڕیش بۆ چەند ساڵێک دواتر دەداتەوە، هێشتا باوەڕ ناکات ئایا ئەو لە دونیای ڕاستەقینەدایە یان خەون و خەیاڵ، پێشی وایە دایک و هاوسەرکەی نەبوونایە ئەستەم بوو خەونی بوونە دایکی ئەو ببێتە ڕاستەقینە، دیبۆرا زۆر دڵخۆشە و بە وتەی خۆی ڕۆژێک دێت ئەم  چیرۆکە بۆ منداڵەکانی بگێڕێتەوە: "تیتا دیارییەکی قەشەنگی بە دایە بەخشی، کە هێلانەیەک بوو، ئاخر دایە هێلانەی نەبوو کە دوو بێچووە چۆلەکەکەی تێدا بەخێو بکات".


PM:11:25:25/02/2023












ئه‌م بابه‌ته 3588 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو