یاداشتەکانی کافکا فڕێ بدە


وێستگەنیوز-
 یاداشتە ڕۆژانەکانی کافکا «١٩٠٩-١٩٢٣»، کە سەرەتای ساڵی ١٩٠٩ دەست پێ دەکەن و ساڵی ١٩٢٣ دوا دانەیانی تێدا نووسراوە، یەکێکە لە یاداشتە ئەدەبییە هەرە بەناوبانگ و خوێنراوەکانی دونیا، بەشێک لە ڕەخنەگران پێیان وایە، بە بێ خوێندنەوەی یاداشتەکانی کافکا ئەستەمە بتوانین لە دونیا تەمومژاویی و پێچەڵپێچ و ئاڵۆزەکەی کافکا تێبگەین.

ئەم یاداشتانە، کافکا بە نیازی بڵاوکردنەوە نەینووسیون، بەڵکو کۆمەڵێک ڕەشنووس بوون کە ڕۆژانە کافکا گەڕاوەتەوە سەرمێزی کارکردنەکەی و ئیشی تێدا کردوون و لە کۆتاییشدا، کاتێک هەموو بەرهەمەکانی دەداتە ماکس برۆد بۆ ئەوەی بیانسووتێنیت؛ ئەم یاداشتانەشی تێ دەکات، بەڵام برۆد، وەکو هاوڕێیەکی دڵسۆز و باوەڕدار بە بلیمەتیی کافکا، وەسێتەکەی جێبەجێ ناکات و یەک پەڕەش لە نووسینەکانی کافکا دەرخواردی ئاگر نادات.

یاداشتە ڕۆژانەکانی کافکا، سەرباری هەموو بایەخ و گرنگییەکەیان، ڕەنگە ڕێگرێکی گەورەی تێگەیشتنێکی درووستیش بووبن لە کافکا، نوێترین چاپی یاداشتەکانی کافکا ئەوەمان پێ دەڵێت، بەڵام چۆن؟

بە پێی وتارێکی نەدا حەتیت «ندی حطیط»، لە ڕۆژنامەی «الشرق الاوسط»، کە ڕانانێکی بۆ چاپی ئینگلیزیی یاداشتەکانی کافکا کردووە بە ناونیشانی «The Diaries of Franz Kafka» کە لەلایەن بێنجامین ڕۆس-ەوە کراوەتە ئینگلیزیی، دەستتێوەردانێکی خراپ و ناپێویست و سەرلێتێکدەری ماکس برۆد-مان لە یاداشتەکانی کافکادا پیشان دەدات، کە بۆتە هۆی شێواندنێکی بەرچاوی ئەو نووسینە گرنگانە.

بە وتەی نەدا حەتیت؛ چاکەی ماکس برۆد بەسەر ئەدەبی جیهانییەوە تەواو بێگەردیش نییە، چونکە ئەو خۆی کردۆتە پاسەوانی درووستکردنی وێنەیەکی تایبەتی کافکا لە خەیاڵی دەستەجەمعی خوێنەرانی کافکادا، بەوپێیەی برۆد هەستاوە بە "ئێدیتکردنێکی چڕ و قووڵی یاداشتەکان پێش ئەوەی بینێرێت بۆ چاپخانە، هەربۆیە یاداشتەکان بە ئێدیتکردنی برۆد زۆر شەتەکدراو، جددی، خاڵیین لە هەر سێبەرێکی ڕەش و نەنگیی و هەموو هەڵە و لادانێکی مرۆیی. بەتایبەتییش چووە هەر بڕگەیەک بۆنی خوێندنەوەی هۆمۆسێکسواڵییانەی کافکای لێ هاتبێت لای داوە، هەروەها سەربوردەی سەردانە دووبارەکانی کافکا بۆ سۆزانییخانەکانی لابردووە یان زۆر کورتی کردوونەتەوە، بە هۆی مقەسەتی سانسۆری ماکس برۆدەوە کافکا بۆتە مرۆڤێکی باڵاخوازی بێگەرد کە بێگەردییەکەی خستوویەتیە سەروو پۆخەڵەواتەکانی ئەم جیهانەوە".

ئەم یاداشتە دەستکارییکراوانەی کافکا، بە ماوەیەکی کەم دوای مردنی بە ئەڵمانیی چاپ کراون و لە کۆتایی ساڵانی چلی سەدەی بیستدا کراونەتە ئینگلیزیی، بۆ ماوەیەکی زۆر تاکە سەرچاوەی تێگەیشتن بوون لە کەسایەتیی کافکا، (بەڵام سەرچاوەیەکی لێڵ و خراپ و سەرلێشێوێنەر)، چونکە نەیدەتوانی شوناسە ئاڵۆز پێکداچووەکەی کافکا کە لە چەندین ڕەگەزی وەکو: جوولەکەبوون، ئەڵمانییبوون، چیکییبوون، نەمساوییبوون، ئەورووپاییبوون و ئینجا وەکو کەسێکی نێونەتەوەیی بەو پێیەی نووسەرێکی جیهانییە پێک هاتبوو؛ بنووێنێتەوە.

 سوود وەرگرتن لە یاداشتەکانی کافکا بە ئێدیتی ماکس برۆد چەند دەیەیەک بەردەوام بوو و کانگای دەیان نووسینی ئاسایی و ڕەخنەیی و توێژینەوە و بگرە مشتومڕ و دەمەقاڵەی ئەدەبیی و سیاسیی و سایکۆلۆجیی بوون، بەڵام سێ دەیە پێشتر «کۆتاییەکانی ساڵانی نەوەدی سەدەی بیست» و دوای ئەوەی کۆمەڵێک پسپۆڕی کافکاناس یاداشتە بنەڕەتییەکانی کافکایان خوێندەوە، ئەو جیاوازییە گەورەیەی نێوان دەقە ئەسڵییەکان و دەستکارییکراوەکەی ماکس برۆد ئاشکرا بوو، هەربۆیە دەستبەجێ بە زمانیی ئەڵمانیی و وەکو ئەوەی چۆن کافکا نووسیونی چاپ کرانەوە، بەڵام جیهانی ئەنگلۆساکسۆنی دەبوو نزیکەی چارەکە سەدەیەک چاوەڕوانی بێنجامین ڕۆس بن کە بیانکاتە ئینگلیزیی و لەپاڵ کۆمەڵێک تێچێن و پەراوێز و ئاماژەی گرنگ ئەمساڵ «٢٠٢٣» لە دووتوێی «٧٠٠» لاپەڕەدا چاپی بکات، بێگومان دەبێت لەژێر ڕۆشنایی ئەم چاپە دەستکاریینەکراوەدا بڕێکی باش پێداچوونەوە بە ژیان و بەرهەمەکانی کافکادا بکرێن و سەرلەنوێ بخوێنرێنەوە.

بە وتەی نەدا حەتیت، ئەم یاداشتە دەستکاریینەکراوانە، ئەو وێنە باڵا و بێگەردەی کافکا تێکدەشکێنێت و لە ئاسمانەوە دایدەگرێتە خوارەوە، بەڵام ئەم کارە بە شێوەیەکی نەرم و نیان دەکات بێ ئەوەی هەستی خوێنەران و عاشقانی کافکا بریندار بکات و لە توانا داهێنەرانە سەرسووڕهێنەرەکەی بهێنێتە خوارەوە.

ئەم یاداشتانە کۆمەڵێک نووسینی بابەتیی و پەیوەنددار و پێکەوەبەستراو نیین، بەڵکو لە کۆمەڵێک سەرنج و پەرەگرافی بێ پەیوەندیی و پچڕپچڕ دەچن، یان درووستتر لە کۆمەڵێک پارچە هۆنراوەی جیاجیا دەچن کە هیچ شتێک بەیەکیانەوە نابەستێتەوە هەستی تەنیایی و گۆشەگیریی و نائومێدیی نەبێت، هەموو هەستە ناخۆشەکانی کافکا بەرانبەر باوکی، بەرانبەر شوناسە جێندەرییەکەی و بەرانبەر بە جەستەی کە نەخۆشیی سیل و قەبزیی و کۆژانە بەردەوامەکان شەکەتیان کردووە لەم یاداشتانەدا ئامادەن. بەڵام لەپاڵ ئەمانەشدا مەڵۆیەک سەرنج و تێبینیی و پەرەگرافی قووڵ و سەرنجڕاکێشی تێدان سەبارەت بەو نماییشە شانۆییانەی کە بینیونی و ئامادەیان بووە، ئەم سەرنجە ڕەخنەییانەی بۆ شانۆ دەیخاتە ئاستی ڕەخنەگرێکی شانۆیی بەهرەمەندەوە، زۆر ئاماژەشیان تێدایە بۆ گریانەکانی لە هۆڵەکانی سینەما و بیرکردنەوە لە خۆکوژیی، بەڵام سەرباری ئەوانە یاداشتەکان خاڵییش نیین لە چرکەساتی ڕۆشن و خۆشنوودانەی کافکا بە تایبەتیی لەگەڵ ماکس برۆدی هاوڕێی.

بە بڕوای نەدا؛ ئەم یاداشتە دەستکاریینەکراوانە «پێچەوانەی نووسخە دەستکارییکراوەکەی ماکس برۆد»؛ بێئەنداز پڕبایەخ و گرنگن بۆ مێژووی ئەدەبیات، چونکە ڕەشنووسە یەکەمیی و سەرەتاییەکانی چیرۆکەکانی کافکای تێدایە کە دواتر گۆڕیونی و فۆڕمی دیکەی پێ داون، ئەمەش "وەکو ئەوەیە ئێمە نەفەسە ئەدەبییە تایبەتەکەی کافکامان چنگ کەوتبێت کە پێ بە پێ و لە میانەی ژیانە کورتەکەیدا گەشەی کردووە".

بە بڕوای نەدا؛ "وێنەی کافکا دوای خوێندنەوەی ئەم چاپە تازەیەی یاداشتەکان؛ پڕتر و کامڵترە، نزیکتریشە لە مرۆڤبوون و واقیعیتریشە لەو وێنە پیرۆزکراوە ئایدیالە ساختەیەی کە چاپەکەی برۆد پێشکەشی دەکات، هەروەها وێنایەکی دەوڵەمەندترمان پێشکەش دەکات دەربارەی ئەو شتەی کافکا بە «ئەو گێتییە زەبەلاحەی لەناو سەرمدایە» گوزارشتی لێ دەکرد، هەروەها یاریدەمان دەدات لەو ئەزموونە تێبگەین کە لە پشت بەرهەمهێنانی ئەو ڕستە چیرۆک و ڕۆمانە مەزنانەوەیە کە بێئەرزشیی تاکەکەسی بەرجەستە کردووە لەناو ئەو کوتلە ئایدۆلۆژییە سەرتاپاگیرانەی سەرەتای سەدەی بیستیان پایەماڵ کردبوو، هەروەها ئەو کەشە مۆدێرنگەرایەی دواتر مرۆڤایەتییان بەرەو کۆژانی دووەمین جەنگی جیهانیی پەلکێش کرد و ئەورووپایان فڕێ دایە دەرەوەی چەقی مێژوو... خوێندنەوەیەکی جاڕزکەر، بەڵام بێدوودڵیی بەهادار و بێهاوتا".

نەدا حەطیط
بۆ کوردی: یاسین عومەر


PM:06:24:25/02/2023








ئه‌م بابه‌ته 2288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو