رێكخەری پڕۆژەی وێستگە كڵاس: کاردەکەین بۆ ئەوەی گەشە بەتوانای بیرکردنەوەی رەخنەیی فێرخوازان بدەین


وێستگەنیوز_ هێڤار

لە سەرەتای مەراسیمی کردنەوەی پرۆژەی 'وێستگە کڵاس'ـدا، ئارام سەعید، رێكخەری پڕۆژەکە وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: شانازییەکی گەورەیە ئەمڕۆ لەحزوری زانکۆی دایک و زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی ئەم پرۆژەیەتان بۆ رادەگەیەنین. سوپاسی بایەخ و گرنگیدانی کاک قوباد تاڵەبانی دەکەین بەم پرۆژەیە کەهاندەرێکی دڵسۆزی پرۆژەکە بووە."

ئارام سەعید ئاماژەی بەوەشکرد: "کاردەکەین بۆ ئەوەی لەرێگەی ئەم پرۆژەیەوە زانکۆ و ئەکادیمییان پەیوەندی باش و نزیک لەگەڵ کۆمەڵگە ببەستن، گەشە بەتوانای بیرکردنەوەی رەخنەیی فێرخوازان بدەین. داهێنان بکەن؛ و لێهاتوییان هەبێت بۆ دامەزراندن و کارکردن."

دەقی وتارەکەی ئارام سەعید، رێكخەری پڕۆژەی وێستگە کڵاس

بەڕیزان بەخێربێن.

شانازییەکی گەورەیە ئەمڕۆ لەحزوری زانکۆی دایک و زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی ئەم پرۆژەیەتان بۆ رادەگەیەنین... سوپاسی بایەخ و گرنگیدانی کاک قوباد تاڵەبانی دەکەین بەم پرۆژەیە کەهاندەرێکی دڵسۆزی پرۆژەکەیە.

بەڕێزان..

پرۆژەی وێستگەکڵاس بەدەستپێشخەری ویستگەنیوز و پشتگیری ڕێکخراوى گەشەپێدانى مەدەنیەت-CDO توانی لەسەر پێی خۆی بوەستێت. ئەم پرۆژەیە چەترێکە بۆ کۆکردنەوەی ئەکادیمییان و زانکۆکانی کوردستان.

ئەم پرۆژەیە سەکۆیەکە بۆ هەموو ئەوانەی ئارەزوی فێربونیان هەیە ودەرفەتیان بۆ نەرەخساوە، دەتوانن لەرێگەی وێستگە کلاسەوە هەنگاوی داهاتوویان دیاری بکەن.  

بەڕێزان، کاتێک بە زمانی کوردی لە ئینتەرنێت دەگەڕێیت بۆ بابەتی فیکری و زانستی و هونەری کەمترین ڤیدیۆی ئەکادیمی دەبینیت کەبە پرۆفیشناڵانە وێنە و دەنگی باش گیرابێت. لێرەوە بەپێویستمان زانی ئەم دەرفەتە بڕەخسێنین و وێسگەکڵاس بکەینە کەناڵێکی یوتیوب کە زانیاری ئەکادیمی پێشکەش بکات. وانەی کەسانی ئەکادیمی و پسپۆڕی جیاجیا تۆماردەکرێت و دواتر بڵاودەکرێنەوە. وانەکان لەیوتیوب دەبینرێن، لەرێگەی وێبسایتی وێستگەکلاسەوە پسپۆڕیەکان جیاکراوەتەوە. 

واتە جگە لەفێرخوازان کە راستەوخۆ بەشداری وانەکان دەبن هەرکەس ئارەزوی لێبێت دەتوانێت لە کەناڵی وێستگە کلاسەوە وانەکان ببینیت و سودیان لێوەربگریت. 

باسکردنێکی لە سایت و کەناڵی وێستگە کڵاس

کاردەکەین بۆ ئەوەی لەرێگەی ئەم پرۆژەیەوە زانکۆ و ئەکادیمییان پەیوەندی باش و نزیک لەگەڵ کۆمەڵگە ببەستن، گەشە بەتوانای بیرکردنەوەی رەخنەیی فێرخوازان بدەین. داهێنان بکەن، لێهاتوییان هەبێت بۆ دامەزراندن و کارکردن. 

خوێندکار رۆبۆت نییە بەڵکو مرۆڤە، رەنگە خوێندکارێک بواری فیزیای خوێندبێت بەڵام حەز بە بەخێوکردنی هەنگ بکات و ببێتە هەنگەوان. 

فەلسەفەی وێستگە کڵاس ئەوەیە خوێندکارەکانی تێگەیشتنێکی قووڵیان هەبێت بۆ کۆمەڵگە و بتوانن ئەو بوارانە بخوێنن کەپێشتر دەرفەتیان نەبووە، تا رۆڵێکی گرنگ بگێڕن بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵ ئەویش بەوەی دەوڵەمەند بکرێن بە ئامرازێک کە بتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن و بەردەوام لەگەشەسەندندا بن.

بەڕیزان، ئەو کەناڵە دەبێتە پێگەیەکی گرنگ بۆ فێربوون و پەروەردە کە تیایدا بابەتی جیاواز و گرنگ پێشکەش دەکرێت. دەکرێت وانەکانی فیزیا و بایۆلۆژی و ئەندازیاری و کشتوکاڵی تێدا پەخش بکریت لەپاڵ زانستە مرۆییەکاندا. 

هەروەها وەرگێڕانی چەندین وانەی گرنگ لەزمانە زیندووەکانەوە بۆ زمانی کوردی. مامۆستایان و قوتابیانیش دەتوانن سوود لە وانەکان وەربگرن. 

وەک یەکەم هەنگاو وێستگەکڵاس ژمارەیەک موحازەرەی تۆمارکردوە کە لەلایەن ئەکادیمیان و پسپۆڕان و کەسانی لێهاتوی بوارەکان ئامادەکراوە بۆ چەند خوێندکاریك.

لەکۆتاییدا دەمانەویت پێتان بڵێین کە وێستگەکڵاس خەونی ئەوە دەبینێت ببێتە ماڵێک بۆ کۆکردنەوەی هەموو توانا ئەکادیمیەکان و هەموان بۆ وەڵامی پرسیارەکانیان بگەڕێنەوە ئەو ماڵە خنجیلەیە... هیوادارین لە داهاتودا هەموو زانکۆکانی کوردستان بەشداربن لەم پرۆژەیەدا و بتوانین بەم هەنگاوە خزمەتێک بە کۆمەڵگە بگەیەنین لەم سەردمی دیجیتاڵ بونەدا کە  هەمومان دەگەڕێینەوە بۆسەردانی ئینتەرنێت و سۆشیاڵ میدیا.... 

جارێکی تر بەخێربێن بۆ مەراسیمی کردنەوەی وێستگە کڵاس. 


PM:03:41:12/02/2023


ئه‌م بابه‌ته 4168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت