ئەو لەفەیەی تۆ دەیخۆیت!


وێستگەنیوز_

تۆ یەکێکیت لە عاشقانی فاستفوود؟ ڕەنگە، بەڵام لەوانە نییە بە هیچ شێوەیەک بە دۆن گرۆسکی «Don Groske»  بەراورد بکرێیت و یەک لەسەر سەدی ئەو عاشقی فاستفوود بیت، ئەم پیاوە عاشقێکی سەرشێتی فاستفوود و بەتایبەتیی هی لەفەی «بیگ ماک: Big Mac»ـە.

هەتا مانگی پێنجی ساڵی 2018، گرۆسکی 30 هەزار دانە لەفەی «بیگ ماک»ـی خواردووە. دۆن تەمەنی 19 ساڵ بووە کە یەکەم لەفەی بیگماکی لە مەکدۆنەڵدز کڕیوە و دوای 33 ساڵ 25 هەزار لەفەی خواردووە و ڕەنگە ئێستا 2023 گەیشتبێتە 35 هەزار لەفە. تەنیا ئەو 25 هەزار لەفەیەی خواردوویەتی یەکسانە بە 14 ملیۆن کالۆری، دۆن هێشتا لە ژیاندایە و بە نیازیشە هەتا مردن «بیگ ماک» بخوات.

ئێستا خواردنی خێرا بۆتە پرسێکی جیهانیی و ژمارەی ئەوانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان خواردنی خێرایان نەخواردبێت زۆر کەمە یان هەر دەگمەنە... ئامارەکانی تایبەت بەم بوارە ژمارەی فەلەکیین و بۆ هەر کەسێکی سەر ڕووی زەویی گرنگە ئاگاداری بێت، بە تایبەتیی کە بابەتی خواردنە خێراکان تۆمەتباریشن بەوەی دەستیان هەیە لە دوو کێشەی گرنگدا: کێشەی تەندرووستیی و گۆڕانی کەشوهەوا.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەرزەمینی داهێنانی خواردنی خێرا و پەرەپێدەریەتی، لەو وڵاتە بە تەنیا 250 هەزار خواردنگەی فاستفوود هەن. 

بە پێی ئامارەکان؛ داهاتی ساڵانەی فاست فوود لە سەرتاسەری گێتییدا گەیشتۆتە 570 ملیار دۆلار، کە زیاترە لە سەرجەمی هەموو ئابووریی وڵاتێکی وەکو سوید کە بۆ ساڵی 2018، بودجەکەی 551 ملیار دۆلار بووە، داهاتی بزنسی فاستفوود چوار هێندەی بودجەی پرۆژەیەکی زەبەلاحی وەکو ئەپۆڵۆی ناسایە کە 147 ملیار دۆلارە.

بۆ ئەوەی ئاستی بەناوبانگی و بەربڵاویی فاستفوود لە ویلایەتە یەکگرتووەکان ئاگادار بین، ئەوەندە بەسە کە ئاماژە بە ڕاپرسییەک بدەین کە پیشانی دەدات 96%ی منداڵانی ئەو وڵاتە قەرەقۆزەکەی مەکدۆنەڵدز دەناس و لە ناسراوییشدا تەنیا سانتاکلاوز «بابانوئێل» کێبەرکێی دەکات.

کورتەمێژوویەکی فاستفوود
ئەم خواردنە بەلەزەت و هەمەچەشنە، تەمەنی 102 ساڵە، ئەگەر ساڵی 1921 بە دەسپێک وەربگرین، چونکە لەو ساڵەدا لە ناوچەی «وێچیا»، لە کەنساس-ی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەمبەرگری «وایت کاسڵ» لە دوکانێکی بچکۆلەدا دەستی بە فرۆشتنی لەفە کرد و سەرەتاش سەرکەوتوو نەبوو.

ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە سەرباری هەموو ئەو ڕەخنە و لایەنە ئەرێنییانەی لەم جۆرە خواردنە گیراوە، بەڵام لەگەڵ خۆیدا گۆڕانکارییەکی گەورەی کۆمەڵایەتیی هێناوە، هەر بۆ نموونە: باری سەرشانی کابانی ماڵی زۆر سووک کرد، چونکە پێش هاتنی خواردنە خێراکان؛ هەموو دایکێک لە تاقە یەک ساڵدا 1095 ژەمە خۆراکی درووست دەکرد و لەگەڵ هاتنی خواردنە خێراکاندا ئەوە زۆر کەم بووەوە.

دوای دوومین جەنگی جیهانیی لەگەڵ نەمانی شەڕ و نەهامەتییەکانی، بووژانەوەیەکی ئابووریی و خۆشگوزەرانیی هاتە کایەوە، بەتایبەتیی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان کە لە دوو جەنگە جیهانییەکەدا کەمترین زیانی بەرکەوتبوو، هەربۆیە ئەم وڵاتە بووە ئەو سەرزەمینەی کە خواردنە خێراکان بە خێرایی ڕووناکیی گەشەیان تێدا کرد. 

دەسپێکی ڕاستەقینە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1948، هەردوو برا «دیک» و «ماک» لە مەکدۆناڵدز؛ خزمەتگوزاری گەیاندن «دێلیڤەریی»یان بەگەڕخست کە هەر گەیاندنێک بە پانزە سەنت بوو «دەکاتە 1.60 یەک دۆلار و شەست سەنتی ئەمڕۆ»، ئەوە دەسپێکی دیاردەی دێلیڤەریی بوو و سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا و دیاردەی خواردنە خێراکانی وەکو ئاگری ناو پووش بڵاوە پێ کرد.

لە ساڵانی 1950-1960، خواردنگەکانی پێشکەشکەری خواردنی خێرا بە هەموو جیهاندا بڵاوەیان کرد، ساڵی 1948 خواردنگەی «In.N.Out Burger» لە لۆس ئانجڵس لە دووکانێکی یەک مەتر چوارگۆشەدا کرایەوە. ساڵی 1952 کەسێک بە ناوی هاڕڵاند سەندەرز زنجیرە خواردنگەی «Kentucky Fried Chicken»ـی دامەزراند، ساڵی 1954 لە سەڵت لایک سیتی-یۆتاهـ لە فلۆریدا خواردنگەی «Burger King» کرایەوە. 4 ساڵ دواتر و لە 1958 دان و فڕانک کاڕنی یەکەم خواردنگەی پیتزا هەت «Pizza Hut» بە 600 دۆلار کە بە قەرز لە دایکیان وەرگرتبوو، لە «ویچیتا-کانساس» دامەزراند. 

لە دووکانەوە بۆ بڕاند

تای بەبڕاندکردن هێشتا ئەم بوارەی نەگرتبووە و زۆرینەی خواردنە خێراکانیش تەنیا هەر دووکانێک بوون، بەڵام ساڵی 1952 خواردنگەی کنتاکی فراید چیکن  بووە بڕاندێکی جیهانی، ئەویش بەوەی ئیمتیازی سۆسە مریشکخۆشکەرە نهێنییەکەی فرۆشت بە چەند شوێنێک و چەند لقێکی کنتاکی لە دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان کرانەوە.

بۆ ئەوەی بڕاند مانایەکی هەبێت دەبوو خواردنەکان یەکڕەنگ و یەکتام و هاوشێوە بن، ئەوە ئەو شتە بوو کە خواردنگە ئەمریکییەکان دوای کنتاکی کاریان لەسەر کرد. بەڵام ئەو خواردنانە هێشتا بە بەربڵاویی جیهانگیر نەبووبوون کە ساڵی 1965 داهێنانێکی تێکنۆلۆژی لەدایک بوو، کە ڕۆڵێکی مەزنی لە گەشەکردنی بزنسی فاستفووددا گێڕا: فڕنی مایکرۆیڤ. 

لە ناوخۆی ئەمریکا تەنینەوەی لقی خواردنگەکان هێشتا لە سەرەتایدا بوو، ساڵی 1967، خواردنگەی «Wendy’s» کە حەوت ساڵ پێشتر دامەزرابوو، لقی 500ـەمینی کردەوە، بە چوونە ناو ساڵی 1970، لە ویلایەتە یەکگرتووەکان 600 هەزار خواردنگەی فاستفوود هەبوون. 

لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، لێکچوونی خواردنەکانی هەر بڕاندێک یەکێکە لە خاڵە هەرە کەمەندکێشەرەکان، کاتێک یەکێک دەچێتە خواردنگەیەک دەزانێت حەزی لە چییە و چی دەخوات، ئەمە وای کرد، فاستفوودەکانی ئەمریکا بەرەو دەرەوەی ئەمریکا بکشێن. لە سەرەتای ساڵانی حەفتاوە، براندە ئەمریکییەکان غەزووی دونیایان کرد: ئوستورالیا، بەریتانیا، یابان، ساڵی 1990و لەگەڵ پیرۆسترۆیکادا یەکەم لقی مەکدۆناڵدز لە یەکێتیی سوڤێت کرایەوە.

هەندێک ئاماری گشتیی

هەنووکە مەکدۆناڵدز لە سەرانسەری جیهان نزیکەی ٣٨ هەزار لقی هەیە.
سەبوەی «Subway» زیاتر لە ٤١،٨٩٠ لقی هەیە، ٢٤ هەزاریان لە ناوخۆی ئەمریکادان.
ستاربەکس «Starbucks» 30  هەزار لق.

ساڵانە تەنیا لە شەوی کریسمسدا  شەش ملیۆن 300 هەزار کەس بە مریشکی «KFC» شێو دەکەن.

ساڵی 2001، پیتزا هەت، لە بەرانبەر یەک ملیۆن دۆلاردا خواردنی گەیاندە بۆشایی ئاسمان.

دیوە نـــەرێنییەکانی فاستفوود

سەدان هەزار توێژینەوە لەبارەی خواردنە خێراکانەوە کراوە و بە نزیکەیی هەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی خواردنگەلێکی باش نیین و هاوڕێی تەندرووستیی مرۆڤ نیین. ئامارەکان دەڵێن: ساڵانی 1950 تەنیا  12%ی ئەمریکییەکان قەڵەو بوون، کەچی ساڵی 1994 ئەو ڕێژەیە هەڵکشا بۆ 23%. 

توێژینەوەکان سەلماندوویانە پەیوەندییەکی ڕاستەوانە لەنێوان زیادبوونی ژمارەی خواردنگەکانی فاستفوود و ڕێژەی قەڵەوبوونی خەڵکدا هەیە، ئەوەتا ساڵی 1975ەوە ڕێژەی قەڵەوی لە جیهاندا سێ هێندە زیادی کردووە. بەپێی ئامارێکی ساڵی 2016، نزیکەی یەک ملیار و 900 ملیۆن کەس بە دەست قەڵەوییەوە دەناڵێنن، کە بەپێی ئاماری ئەوکاتە دەکاتە 39%ی کۆی ژمارەی دانیشتووانی گۆی زەوی، ئامارەکان پیشانیشی دەدەن کە 340 ملیۆن منداڵ و نەوجەوان بە دەست قەڵەویی و کێشزۆرییەوە دەناڵێنن.

زاناکان ویستیان بزانن هۆکاری ئەو قەڵەوبوونە چییە، سەرەتا هۆکارەکە لە خوێ و شەکر و چەورییدا دەبینرا، بەڵام دوای سەرنجدان شتێکی دیکەش ئاشکرا بوو: ساڵی 1954 کێشی یەک لەفەی بێرگەری سادە تەنیا 3.9 ئۆنسە بوو، کەچی ساڵی 2006 سێ هێندە زیادی کرد و بوو بە 12 ئۆنسە. ساڵی 1955 خواردنەوەکان دەکرانە کوپێکی ٧ ئۆنسەییەوە، ساڵی 2019ش دەکرانە کوپێکی 37 ئۆنسەییەوە.

زاناکان پێشتر گەیشتبوونە ئەو دەرەنجامەی کە بۆ ئەوەی کەسێک بە هەمان کێشی خۆی بمێنێتەوە و بە ئاسایی گەشە بکات؛ ڕۆژانە پێویستیی بە تەنیا 2000-2500کالۆرییە، بەڵام تاقە یەک لەفەی دەبڵ هۆپەر «Double Whopper» لەگەڵ فینگەر و چۆکڵەیت شەیک «Chocolate Shake» یەکسانە بە 2060 کالۆریی.

کاریگەرییەکانی دیکە

 کاریگەرییە ئەرێنییەکانی ئەم خواردنگانە لەسەر ئابووریی کەم نیین، هەرچەندە بەشێکی زۆری داهاتەکەی دەچێتە گیرفانی مام سامەوە، بەڵام کاریگەرییە تەندرووستیی و ژینگەییەکانیشی کارەساتبار و قووڵن. بۆ نموونە تەنیا مەکدۆناڵدز 10%ی هەموو سێوی ئەمریکا بەکار دەبات، کە ئەمەش دیارە چ باندۆرێکی ژینگەیییانەی هەیە. 

ئەمریکا بۆ تێرکردنی ورگی برسیەکانی فاستفوود ساڵانە 19.6ی هەموو گۆشتی مانگای دونیا بەرهەم دەهێنێت، ئەمەش بۆ ژینگەناسان دیارە کە چ بارگرانییەکە، چونکە ڕوونە مانگا بەهۆی دەردانی گازی میسانەوە یەکێکە لە پیسکەرە ژینگەییەکان و هۆکارێکی کارای دیاردەی قەتیسبوونی گەرماشە، ئاخر ملیاران لەفەی گۆشت یەکسانە بە ملیۆنان مانگا. ئەوە جگە لەوەی ئەم خواردنگانە تەنیا لە ساڵێکدا 269 هەزار تەن پلاستک وەکو زبڵ فڕێ دەدەنە سەر ڕووی زەوی.

وەڵامگۆی ئاڵنگارییەکان

فاستفوودەکان توانایەکی سەیری خۆگونجاندنیان هەیە و هێشتا سەرکەوتوو بوون لەوەی هەموو ئەو ڕەخنانەی ئاراستەیان دەکرێن وەکو ئیسفەنجێک هەڵبمژن و لەژێر ڕۆشناییاندا خۆیان نوێ بکەنەوە. ئەگەر باسی جەدوا ئابوورییەکەی ئەم بزنسە بکەین دەبێت لەبیرمان بێت تەنیا لە ئەمریکا 7.3 ملیۆن کەس لەم خواردنگانەدا کار دەکەن. 

سەبارەت بە ڕەخنەکانی دیکەش لە هەوڵی خوگونجاندندایە. هەوڵ دەدەن ئۆپشنەکانیان فراوانتر بکەن بە جۆرێک کە ملیۆنان ڕووەکخۆر بۆ لای خۆیان کەمەندکێش بکەن، ئەوە جگە لەوەی هەوڵ دەدەن کەمتر بەرهەمە ئاژەڵییەکان بەکار بهێنن بۆ نموونە پیتزاهەت، پەنیری خاڵیی لە شیرەمەنیی ئاژەڵان لە بەرهەمەکانیدا بەکار دەبات، کەی ئێف سی ڕان و سنگی ناگۆشتیی لە لەفەکانیدا بەکار دەهێنێت. ساڵی 2019 بڕاندەکانی وایت کاسڵ و کاڕڵز جونیەر و بێرگرکینگ جۆرە لەفەیەکیان بە ناوی «ئیمپۆسبڵ بێرگەر»ـی ڕووەکییان پێشکەش کرد کە لە پێکهاتەی ڕووەکی درووست دەکرێت و هەمان تامی بێرگەری گۆشتی هەیە.


PM:01:44:01/02/2023


ئه‌م بابه‌ته 3960 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو