نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق: دوو ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێم دەنێرین


وێستگەنیوز_

نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بڕیاردراوە بە ناردنی دوو ملیۆن لیتر نەوتی بۆ هەرێمی کوردستان.

ئەمرۆ چوارشەممە 25ـی 1ـی 2023، نوسینگەی سوودانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بڕی دوو ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەرێم دەنێرن. دەشڵێت، "ئەو بەشە نەوتە جیاوازە لە پشکی هەرێم و پارێزگاکان."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەگاتە هەرێمی کوردستان و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت."

لای خۆشیەوە حیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت ئامادەیی نیشانداوە لەسەر داوای محەممەد شیاع سوودانی،ئەو بڕە نەوتە بۆ هەرێم دابین بکات.

ئەم راگەیەندراوە لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو رێبوار ئەورەحمان، وتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەریەک لە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەکە و سوودانی کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامداوە و تێیدا "باس لە دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیان کراوە."

رێبوار ئەورەحمان وتیشی، "شاسوار عەبدولواحید داواکاری ناردنی نەوتی بۆ هاوڵاتیان کردووە و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش ئەرێنییانە وەڵامی لەسەر ناردنی نەوت داوەتەوە."

لە ئێستادا نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی لە بازاڕەکاندا لە نێوان 225 بۆ 235 هەزار دیناردایە. لیژنەکانی سامانە سرووشتییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی دەڵێن، "دابەشکردنی نەوت بە خاوی بەڕێوەدەچێت."

هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە هەر خێزانێک بەرمیلێک نەوتی بۆ وەرزی زستان پێبدات و، زستانیش دەستیپێکردووە، بەڵام ئەو نەوتە لە ناوچە شاخاوییەکان بە نرخی 103 هەزار دینار دابەش دەکرێت و تاوەکو ئەمڕۆ نەگەیشتووەتە سەنتەری شارەکان.

هاوکات، بەگوێرەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، تاوەکو 5ـی 1ـی 2023، لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 18 ملیۆن و 828 هەزار و 800 لیتر نەوت دابەشكراوە و 94 هەزار و 144 خێزان لێی سوودمەندبوون.

رۆژی 13ـی 9ـی 2022، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد و لەگەڵ لیژنەی سامانە سرووشتییەکان کۆبووەوە، دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، دابەشکردنی نەوتی سپی دەستپێدەکات و لە قۆناخی یەکەمدا 320 هەزار خێزان لە دابەشکردنی نەوت سوودمەند دەبن. بەڵام سەرەڕای هاتنی وەرزی سەرما، "‌هێشتا سەنتەری شارەکان نەوتیان وەرنەگرتووە" و لە ناوچە شاخاوییە کوێستانییەکانیش بە وتەی خۆیان "بەرمیلێک نەوت بەشیان ناکات و زۆر کات ناچار دەبن دار ببڕنەوە بۆ بەرگەگرتنی سەرمای زستان."



AM:11:14:25/01/2023


ئه‌م بابه‌ته 972 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو