دەستەی دەستپاکی: ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان 77 دۆسیە لە دادگاکان یەکلایی کراونەتەوە


وێستگەنیوز-

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمساڵ 713 دۆسیەی تازەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، لەوانە 77 دۆسیە لە دادگا یەکلایی کراونەتەوە و کۆی دۆسیەکانیش بە ساڵانی ڕابردووەوە دەگاتە 976 دۆسیە.


سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، حاکم ئەحمەد ئەنوەر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا  رایگەیاند: ئەمساڵ 478 دۆسیەی نوێی گەندەڵی سزایی و 226 دۆسیەی هەواڵدەری لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، کە سەرجەمیان 713 دۆسیەیە بە دۆسیەکانی ساڵانی ڕابردووشەوە کە دەکاتە 976 دۆسیە، کە ئێستا لێکۆڵینەوەیان تێدا دەکرێت و هەر ئەمساڵ ژمارەی دۆسیەکان زیادیان کردووە .

حاکم ئەحمەد ئەنوەر وتیشی: ''ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان 77 دۆسیە لە دادگاکانەوە یەکلایی کراونەتەوە.''

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: ''دۆسیەکان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زیادیان کردووە، کە ئەمساڵ 203 دۆسیە ڕەوانەی دادگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک کراون و زیاتر لە هەزار و800 فۆرمی ئاشکراکردنی سامانی بەرپرسان گەڕاوەتەوە بۆ لای ئێمە و ئەو پرۆسەیەش بەردەوامە.''

حاکم ئەحمەد ئەنوەر باسی لەوەش کرد: ''ڕەوانەکردنی دۆسیەکان و پرۆسەی دادگاییکردن پەیوەندیی بە دەستەی ئێمەوە نییە و کاری دادوەرەکانە و ئەوانیش بڕیاری کۆتایی لەبارەوە دەدەن، جەختیشی کردەوە، ئێستا خەریکی ئەنجامدانی سێ پڕۆژەین، یەکێکیان ئامادەکردنی فەرهەنگی یاسایی بە زمانی کوردی کە بە هاوبەشی لەگەڵ پەرلەمان و وەزارەتی داد و ئەنجومەنی دادوەرییە و ئەوەی دیکەشیان دانانی چەمکەکانی دادوەرییە لە پرۆگرامی خوێندن کە بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە ئەنجام دەدرێت و پڕۆژەی هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانی گەندەڵی لە بواری توێژینەوەی زانستی بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی بالا ئەنجام دەدرێت.'


PM:07:40:09/12/2022


ئه‌م بابه‌ته 864 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو