یەکەم خۆپيشاندەر لە ئێران لەسێدارەدرا

‌موحسین شکاری

وێستگه‌نیوزـ

دەسەڵاتی دادوەری ئێران یەکەم بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ خۆپێشاندەرێکی خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییە دەرکرد و سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بڕیارەکە جێبەجێکرا.

بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی دەنگوباسی (میزان) سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێران، بڕیاری لەسێدارەدانی (موحسین شکاری) سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە 8ـی کانوونی یەکەمی 2022) بە تاوانی "دژایەتی حکومەتی ئیسلامی"، جێبەجێکراوە.

ئەوە یەکەم بڕیاری جێبەجێکراوی لەسێدارەدانی خۆپێشاندەرێکی خۆپێشاندانەکەی ئەمدواییەی ئێرانە کە بە کوژرانی ژینا ئەمینی، دەستیپێکرد و زیاتر لە 80 رۆژە بەردەوامە.

لە رۆژانی رابردوودا رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، چەندین جار کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لە لەسێدارەدانی خۆپێشاندەران ئاگادارکردبووەوە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، بڵاویکردووەتەوە لە ماوەی خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییەی ئێراندا، 458 خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە 18 هەزار کەسیش دەستگیرکراون.


PM:01:34:08/12/2022




ئه‌م بابه‌ته 2944 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت