وەزیری گواستنەوە و گەیاندن: باجی سەر کارتی مۆبایل بۆ ئێمە نەبووە

‌ئانۆ جەوهەر

وێستگەنیوز-

 وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ساڵی 2015ـەوە پارەی باجی سەر کارتی مۆبایل بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبووە و ئەوان رۆڵیان لە هەڵگرتنی باجەکەدا هەبووە.


رۆژی پێنجشەممە 1-12-2022، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەرزانکردنی کارتی مۆبایل و هەڵگرتنی 20٪ی باج لەسەر کۆمپانیاکانی گەیاندن لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند: "ئەم باجە بەپێی مادەی 33 لە یاسای بودجەی عێراقی لە ساڵی 2015 چەسپێنرا. ئەو کاتە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیران بوو کە لەسەر هاووڵاتییانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە [چەسپێنرا]، لەبەر ئەوەی هەرسێ کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، ئاسیا سێڵ و زەینی عێراق گرێبەستیان لە بەغدایە و لە هەرێمی کوردستان نییە."
 
ئەو کات رێژەی 20٪ باج خرایە سەر فرۆشراوەکان، واتە ئەگەر کارتێک بە 10 هەزار بوو، رێژەی 20٪ـی دەخرایە سەر دەبووە 12 هەزار دینار و بەو بڕە دەفرۆشرا. ئانۆ جەوهەر دەڵێت: "ئەو دوو هەزار دینارە بەهیچ شێوەیەک لە ساڵی 2015ەوە تاوەکو ئەمڕۆ لەساڵی 2022 یەک سەنت و یەک دینار و یەک فلسیان نەهاتووەتە ناو بودجەی هەرێمی کوردستانەوە، ئەو دوو هەزارە لەلایەن کۆمپانیاکانی گەیاندن کۆڕەک تیلیکۆم، ئاسیا سێڵ و زەینی عێراق دەدرایە حکومەتی عێراق و بە گەنجینەی دەوڵەت لە عێراق و بەهیچ شێوەیەک نەدەدرایە هەرێمی کوردستان."
 
رۆژی 22-11-2022 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا نرخی کارتێکی پێنج هەزاری لە شەش هەزار و 250 دینارەوە ببێتە پێنج هەزار و کارتی 10 هەزاریش لە 12 هەزار و 500 دینارەوە ببێتە 10 هەزار دینار.
 
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن دەڵێت، ئەوان لەگەڵ هەڵگرتنی باجەکانی سەر کارت بوون بۆیە لەسەر راسپاردەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 23-9-2019 نووسراوێکیان بە ژمارە 2842 ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە و لە رێگەی ئەوەوە بۆ دەستەی راگەیاندن و گەیاندن و بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و حکومەتی فیدراڵی ناردووە کە "دەبێت ئەو باجە لەسەر هاووڵاتییان هەڵبگیرێت و نەمێنێت، بۆیە ئێمە دەستخۆشی لەو بڕیارە دەکەین کە لە کابینەی نوێی کابینەی حکومەتی فیدراڵی دراوە، ئەمە یەکێک بوو لە داواکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنەوە."
 
هەروەها ئاماژە بەوە دەدات، لە چەندین کۆبوونەوە داوای هەڵگرتنی ئەو باجەیان لەلایەنی عێراقی کردووە و دەڵێت: "لە چەندین کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری گەیاندن و دەستەی راگەیاندن و گەیاندن کە چەندین جار لە خزمەتی هاووڵاتییانی خۆمان بووین و چووینە بەغدا بۆ باسکردنی ئەو بابەتە و هەر کاتێک ئەوان تەشریفیان هێناوەتە ئێرە پێمانگوتوون دەبێت ئەو باجە هەڵبگیرێت و ئەو قورساییە لەسەر هاووڵاتییان نەمێنێت."
 
دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، هیام یاسری، وەزیری گەیاندنی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە بنەڕەتدا پێویست بوو زیادکردنی ئەو 20%ـەی باجی سەر کارتی مۆبایل کۆمپانیاکان بیدەن، نەک خەڵکی هەژار، بەڵام ئەو کات هاووڵاتییان هەڵوێستێکی شەرەفمەندانەیان هەبوو کە لەپاڵ دەوڵەت وەستانەوە و لە گیرفانی خۆیان ئەو باجەیاندا، بۆیە ئێستا پێویستە وەڵامێکی جوانی هاووڵاتییان بدەینەوە."


AM:10:24:02/12/2022


ئه‌م بابه‌ته 6348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو