نێچیرڤان بارزانی: تا ئافره‌ت ئازاد نه‌بێت كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی‌ ئازاد و یه‌كسان و مه‌ده‌نیی‌ نایه‌ته‌ ئاراوه‌

‌نێچیرڤان بارزانی‌، سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان

وێستگه‌نیوزـ

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بەبۆنەی رۆژی بەرەنگاربوونەوە و نەھێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان، پەیامێکی بڵاوکردەوە.


له‌ به‌شێكی په‌یامه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانیدا هاتووه‌: "وه‌ك هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵ و كار و كۆشش به‌رده‌وام ده‌بین بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ زیاتر و پاراستنی‌ مافه‌كانی‌ ئافره‌ت و هێنانه‌كایه‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه‌ ژن تیایدا ئازاد و یه‌كسان بێت و به‌ هیچ پاساوێك هه‌ڕه‌شه‌ی‌ توندوتیژی‌ و كوشتنی‌ له‌سه‌ر نه‌بێت".

ئه‌وه‌شی وتووه‌: "تا ئافره‌ت ئازاد نه‌بێت، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی‌ ئازاد و یه‌كسان و ئارام و مه‌ده‌نیی‌ پێشكه‌وتوو نایه‌ته‌ ئاراوه‌".

دەقی په‌یامه‌كه‌:

ئه‌مڕۆ 25ی‌ نۆڤه‌مبه‌ر له‌ ڕۆژی‌ جیهانیی‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ توندوتیژی‌ دژی‌ ئافره‌تاندا، هه‌موو پشتگیرییه‌ك بۆ خه‌بات و ئازادی‌ و مافه‌كانی‌ ژن و یه‌كسانی دووپاتده‌كه‌ینه‌وه‌. وه‌ك هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵ و كار و كۆشش به‌رده‌وام ده‌بین بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ زیاتر و پاراستنی‌ مافه‌كانی‌ ئافره‌ت و هێنانه‌كایه‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه‌ ژن تیایدا ئازاد و یه‌كسان بێت و به‌ هیچ پاساوێك هه‌ڕه‌شه‌ی‌ توندوتیژی‌ و كوشتنی‌ له‌سه‌ر نه‌بێت. تا ئافره‌ت ئازاد نه‌بێت، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی‌ ئازاد و یه‌كسان و ئارام و مه‌ده‌نیی‌ پێشكه‌وتوو نایه‌ته‌ ئاراوه‌.

له‌م یاده‌دا‌ دووپاتی‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕووبه‌ڕووی‌ هه‌موو جۆره‌ توندوتیژی‌ و ده‌ستدرێژی‌ و پێشێلكارییه‌ك به‌رامبه‌ر به‌ ماف و ئازادیی‌ ژنان ده‌بینه‌وه‌ و له‌ كاركردن به‌رده‌وام ده‌بین بۆ نه‌هێشتنی‌ بیری‌ توندڕه‌وی‌ و ڕه‌خساندنی‌ زه‌مینه‌یه‌كی‌ باشتری‌ به‌شداری‌ و هاوبه‌شیی‌ ئافره‌ت له‌ كایه‌ی‌ سیاسی‌ و كارگێڕیی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا. له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی‌ ناوخۆ و له‌سه‌ر ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تیش هاریكار و هه‌ماهه‌نگ ده‌بین بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئافره‌ت له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ لەناو خێزان و له‌ شوێنی کار و له‌ سەرجەم بوارە گشتییەکاندا پارێزراو بێت و دوور بێت لە هەراسان و توندوتیژی.

سڵاو و پێزانین بۆ هەموو ئەو ئافرەتانە و ئه‌و لایه‌ن و ڕێكخراوانه‌ی ڕۆژانە لە خەباتدان بۆ بەدیهێنانی ئازادی و ئاشتی و مافەکانیان. سڵاو بۆ گیانی‌ پاكی‌ قوربانییانی‌ توندوتیژی‌ دژی‌ ئافره‌تان و هه‌موو ئه‌و خانمانه‌ ده‌نێرین کە له‌پێناو ئازادی‌ و یه‌كسانی‌ و ئاشتیدا خه‌بات و تێكۆشانیان كردووه‌. لە هه‌ر شوێنێكی‌ جیهان بن، به‌ ڕێز و شكۆوه‌ یادیان ده‌كه‌ینه‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی‌

سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان

25ی‌ نۆڤه‌مبه‌ری‌ 2022


AM:11:32:25/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو