ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی: مەترسی راستەقینە لەسەر هەرێم هەیە


وێستگه‌نیوزـ

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگه‌یاند،، کۆبوونەوەی سەرۆکی حزبەکەی لەگەڵ سەرۆکی لایەنە سیاسییەکان جگە لە پارتی، بۆ گفتووگۆکردن بووە لەسەر ئەو مەترسییانەی بەرۆکی هەرێمیان گرتووە.

رزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی كوردستان به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند: "کۆبوونەوەی سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ کەسی یەکەمی لایەنە سیاسییەکان، بۆ گفتووگۆ و راوێژ بوو، سەبارەت بە دۆخی هەرێم و عێراق، چونکە مەترسی راستەقینە لە ئارادایە لەسەر هەرێم".

وتیشی: "یەکێتی بڕوای بە شەراکەتی راستەقینە هەیە لە بەشداری لە حکومەتی عێراق و هەرێم، بۆیە دۆخەکە پێویستی بە راوێژی لایەنە سیاسییەکان و دۆزینەوەی رێگە چارە هەیە بۆ ئەو دۆخەی هەرێم و عێراقی تێدایە".

کۆبوونەوەکەی سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ لایەنەکان هاوکاتە لەگەڵ خراپی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، لەوبارەیەوە رزگار حاجی حەمە وتی: "راستە، نیگەرانییەکانمان بەشێک بوو لە کۆبوونەوەکە، تا رێگە چارەی دروست بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە، چونکە هەرێم هی هەموو لایەنەکان و خەڵکی کوردستانە".

جەختیشیکردەوە "کۆمەڵێک مەترسی راستەقینە لەسەر هەرێم هەن، پێویست دەکات لەسەر ئەو مەترسییانە لەگەڵ لایەنەکان گفتووبکرێ، بۆیە ئەو مەترسیانەش تاوتوێ کران".

سەبارەت بەو مەترسییە "راستەقینانە"ی لەسەر هەرێم هەن، رزگار مەکتەب سیاسییەکەی یەکێتی وتی: "جگە لە خراپی دۆخی خزمەتگوزاری لە سلێمانی، هەرێم کەوتووەتە بەر بۆردومانی وڵاتانی دراوسێ، دەبێت وەک کورد یەک هەڵوێست بین و بەرنامە و پلانمان هەبێت، تا بە شێوەیەکی گونجاو و بەپێی دەستوور هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدرێت".

رزگار حاجی حەمە وتیشی: "ئێمە هەرێمێکی بچوکین، پشتیوانی ئەوتۆمان نییە، خەڵک لە دۆخی ناهەمواردایە، دەبێت بەرانبەر بچوکترین مەترسی بێینە سەر خەت و رێگە چارە بۆ هەموو ئەگەرەکان دابنێین".

دەربارەی ئامانجی یەکێتی لە خستنەڕووی بیرۆکەی دروستکردنی ئەنجومەنی پارتە سیاسییەکان، کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی نێوان سەرۆکی یەکێتی و لایەنەکان باسکراوە، ئەندام مەکتەب سیاسییەکەی یەکێتی وتی: "تا ئێستا شتی لەو بابەتە نییە، ئێمە حکومەتی هەرێممان هەیە و یەکێتی و لایەنەکان تیایدا بەشدارن، بەڵام گەر ئەنجومەنێکی سیاسیش هەبێت بۆ راوێژ لە بەرامبەر ئەو ئەگەرانەی دێنە پێشەوە، ئاساییە".

رزگار حاجی حەمە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، لەبارەی به‌شداری نه‌كردنی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتی: "وەک پێویست خزمەت بە زۆنی سەوز نەکراوە، کاک قوباد لە پێناوی خواستەکانی خەڵک به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كان ناكات، کە حکومەت و بەدیاریکراوی سەرۆکی حکومەت وەک پێویست ئاوڕی لەم سنوورە نەداوەتەوە، بە تایبەت ئەو بڕگە و مادانەی بۆ پێکهێنانی حکومەت واژۆمان لەسەرکردووە، جێبەجێ نەکراون".

روونیشیکردەوە، هێشتا پارتی دیموکرات لەسەر به‌شداری نه‌كردنی کۆبوونەوەکان لەلایەن جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ نەهاتووەتە خەت، وتی "تا ئەوکاتەی خواستەکانی خەڵک و تێبینییەکانی یەکێتی بەهەند وەردەگیرێن، کاک قوباد هەڵوێستی دەبێت".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ رۆژی پێنجشەمە 24ی تشرینی دووه‌می 2022، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە هاوینە هەواری دوکان، لەگەڵ کەسی یەکەمی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان جگە لە پارتی دیموکرات کۆبوویەوە، بەپێی راگەیەنراوێکی سەرۆکی یەکێتی، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە، گفتووگۆکردن بوو لەسەر دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی هەرێم و عێراق و ناوچەکە.


AM:09:14:25/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 3532 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو