ئەمریکا سزای بەسەر سێ بەرپرسی حکومەتی ئێراندا سەپاند


وێستگه‌نیوزـ

حکومەتی ئەمریکا سزای بەسەر چەندین بەپرسی ئێرانیدا سەپاند و بە پێشێلکاری مافی مرۆڤ تۆمەتباری کردوون و ئەوانەی خراونەتە لیستی سزای ئەمریکاوە بریتین لە پارێزگاری سنە و فەرماندەی پۆلیسی سنە و فەرماندەی هێزە زەمینییەکانی ئێران.


براین نێڵسۆن، بریکاری وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا رایگەیاند، حوکمەتی وڵاتەکەی سێ بەرپرسی ئەمنی ئێرانی کردووەتە ئامانج تا سزایان بەسەردا بسەپێنێت بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئەمەش لە کاتێکدایە ماوەی چەندین مانگە خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە ناوچەکانی ئێران بەرێوەدەچێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بەرپرسانەی خراوەنەتە لیستی سزاکانی ئەمریکا بریتین لە عەلی ئەسغەر پارێزگاری سنە و عەلی رەزا فەرماندەی پۆلیسی سنە و محەمەد تەقی فەرماندەی هێزە زەمینییەکای سەر بە سوپای پاسداران لەو شارە.

ئاماژەی بەوەشدا، سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو گەنجانە دەکوژێت کە لەسەر شەقامەکان داوای داهاتووەیەکی باشتر دەکەن و ئەو دەستدڕێژیانەی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە دەکرێتە سەر خۆپیشاندەران پێویستە رابگیرێت.

ئەمەش لە دوای ئەوەدێت، لە هەفتەی رابردوو حکومەتی ئەمریکا سزای بەسەر چەند دەسەڵاتدارێکی باڵای رێکخراوی راگەیاندنی حکومی ئێران سەپاند و ئەمریکا بەوە تۆمەتباری کردن کە ڤیدیۆی دانپێدانانی چەندین خۆپیشاندەریان لە ژێر فشاردا بڵاوکردووەتەوە.

لە رێکەوتی 13ی ئەیلولی ئەمساڵ ژینا ئەمینی بە پاساوی "پابەند نەبوون بە یاساکانی جلوبەرگی ئیسلامی" لەلایەن پۆلیسی ئاکاری تارانەوە دەستبەسەر کرا، دوای دەستبەسەر کردنیشی بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە گەیەندرایە نەخۆشخانە و رۆژی 16ی ئەیلول لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کرد، ئەمەش لە ئێران کاردانەوەی توندی بەدوای خویدا هێنا و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێک لە شارە گەورەکانی ئێران دەستی پێکرد و تا ئێستاش خۆپیشاندانەکان بۆ زۆربەی ناوچەکانی ئێران پەلیان کێشاوە و لە زۆربەی خۆپیشاندانەکانیشدا پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەراندا روویداوە.


AM:11:47:24/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 716 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو