فازڵ نەبی لەبارەی زیادکردنی مووچەی خانەنشینانەوە روونکردنەوە ده‌دات

‌د. فازل نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق

وێستگه‌نیوزـ

بریکاری پێشووی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق رایگەیاند، بڕیاری زیادکردنی مووچەی خانەنشینانی عێراق هەرێمیش دەگرێتەوە، بەڵام دەکەوێتە سەر حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی و دەتوانێت لە رێگەی داواکارییەکی فەرمی پەیوەست بەم بڕیارەوە پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق زیادبکات و دەشڵێت، "هێشتا حکومەتی عێراق بڕیاری نەداوە بە ناردنی 200 ملیار دینار بۆ هەرێم".

د. فازل نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق لە بارنامەی تاوتوێی ئێن ئار تی رایگەیاند، هەموو بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی، سەرجەم ناوچەکانی عێراق و هەرێم دەگرێتەوە و جێبەجێکردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەوەی کە ئایا هەرێم جێبەجێ دەکات یاخود نا و حوکمەتی هەرێمش بە پاساوی بوونی یاسای تایبەت هەندێک لە بڕیارەکانی حکومەتی ناوەندی جێبەجێ ناکات.

ئاماژەی بەوەشدا، حکومەتی عێراق هیچ بڕیارێکی سەبارەت بە ناردنی 200 ملیار دینار لە بودجەی عێراق وەک پشکی هەرێم نەداوە و بۆ ئەم پرسەش پێویستە حکومەتی هەرێم پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق بکاتە یاسایەک نەک رێککەوتنی دەرەکی ئەنجام بدات.

ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی هەرێم دەتوانێت لەم ساڵدا مووچەی هەموو مانگەکان دابەش بکات، چونکە لە ئێستادا دۆخی ئابووری هەرێم لە باشیدایەو تاکە هۆکاری نەرێنی خراپی دۆخ کێشەی نێوان حزبەکانە.

باسی لەوەشکرد، یاسای بودجە و خانەنشینی پەیوەستە بە یەکەوە بۆیە ئەگەر گۆڕانکاری لە یەکێکیاندا کرا پێویستە لە هەردووکیان نوێکاری ئەنجامبدرێت و زیادکردنی مووچەی خانەنشینان کێشە بۆ هیچ کام لە یاساکان دروست ناکات و لە ئێستادا لە عێراق هەوڵدەدرێت کەمترین مووچەی خانەنشینی لە 750 هەزار دینار کەمتر نەبێت.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، لایەنە سیاسیەکانی عێراق بە زیادکردنی نرخی دۆلار بارگرانییان خستە سەر هاووڵاتییان لە کاتێکدا لە ماوەی رابردوو وتیان ئەگەر بچینە حکومەت نرخی دۆلار کەمدەکەنەوە بەڵام بڕیارەکەیان فەرامۆش کرد.

فازل نەبی ئاماژەی بەوەشدا، حکومەتی هەرێم بەپێی تێڕوانینی خۆی وا هەست دەکات لەلایەنی داراییەوە لەلایەن بەغداوە غەدری لێدەکرێت و کەمتەرخەمی هەرێم بۆ ئەم پرسانە ئەوەیە کە چاودێری ئەو سکاڵایانە ناکەن کە ئاڕاستەی دادگای ناوەندی عێراق دەکرێت و دەشڵێت، "پێویستە کاربەدەستانی هەرێم لە عێراق رێگری لە هەندێک بڕیاری دادگای ناوەدنی بکەن".

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم شارەزایەکی یاسایی بنێرێتە کەیسەکانی دادگای ناوەندی دەتوانرێت رێگری لە بڕیارەکانی حکومەتی عێراق بکرێت، سەرەڕای ئەوەی لە هەرێمدا خاوەنی زۆر لە کەسانی شارەزای بواری یاسایین بەڵام کەسیان رانەسپاردووە بۆ پرسێکی بەم شێوەیە چونکە ئەگەری هەیە لایەنە سیاسیەکان رێگە بە کارێکی وا نەدەن و دەشڵێت، "بەهۆی راوێژکاری خراپەوە دۆخی هەرێم گەیشت بەم ئاستە نەرێنییەی ئێستا".

باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا نرخی نەوت لە ئاستێکی ئەرێنیدایە لە بەرژەوەندی هەرێمە و حکومەتی هەرێم لە دوای چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان دەتوانێت مووچەی خەڵک و داواکاری هاووڵاتییان دابین بکات.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، حکومەتی هه‌رێم بەهۆی بوونی دوو ئیدارەییەوە توانای چارەسەرکردنی کێشەکان و خۆ کۆکردنەوەی نییە و ئەمەش کار لە دۆخی دارایی بە گشتی و هەناردەی نەوت بە تایبەتی دەکات و دەشڵێت، "مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دەسەڵاتی چارەسەکردنی کێشەی ناوخۆی حزبەکانی هەیە".




PM:11:37:23/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 2080 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت