وەزارەتی بازرگانی عێراق: دەیەمین سەبەتەی خۆراکی بۆ دابەشکردن ئامادەیە

‌فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگه‌نیوزـ

وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، دەیەمین سەبەتەی خۆراکی هاووڵاتییان ئامادەکراوە و رەوانەی بریکارەکان کراوە و بە بڕیاری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ساڵی داهاتوو هەوڵدەدرێت خۆراکی دیکە بۆ بەشەخۆراکی هاووڵاتییان دابین بکرێت وەک شیری منداڵان و ئاردی سفر.

تالب عەباس، جێگری بەرێوەبەری گشتی کۆمپانیای خۆراکی سەر بە وەزارەرتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، ئامادەکاری دەیەم سەبەتەی خۆراکی هاووڵاتییان تەواوکراوە و لە رێکەوتی 6ی ئەم مانگە رەوانەی بریکارەکان کراوە و رێژەی ئامادەیی خۆراکی لەو سەبەتەیە 90٪ە، هاوکات یانزەیەمین سەبەتەی خۆراکی هاووڵاتییان لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەم رەوانەی بریکارەکان دەکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ماددە خۆراکییە عەمبارکراوەکانی ساڵی داهاتووش گەیشتوەتە عێراق و کەشتی هەڵگری برنجیش بەم زووانە دەگەنە بەندەرەکانی عێراق و ئەو خۆراکانەی بۆ دابەشکردن لە ساڵی داهاتوو ئامادەکراون بریتین لە زەیت و شەکر و پاقلەمەنی و دۆشاوی تەماتە.

ئاماژەی بەوەشدا، هەوڵەکان و ئەنجامدانی توێژینەوەکان لەسەر سەبەتەی خۆراکی بەردەوامە و لە کارنامەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق هاتووە، لە ساڵی داهاتوو خۆراکی دیکە بۆ بەشەخۆراکی هاوڵاتیان زیاد بکرێت و بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان بکرێت.

باسی لەوەشکرد، لە هەوڵدان تاوەکو لە ساڵی داهاتوو 12 بەشە خۆراک بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بکرێت و هەوڵدەدرێت بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان بکرێت، ئەمەش لە پێناو زیادکردنی بەرهەمەکانی وەک شیری منداڵان و ئاردی سفر، ئەم ماددە خۆراکیانەش لە کۆمپانیای جیهانییەوە هاوردە دەکرێن.

کۆمپانیای بازرگانی عێراق دەشڵێت، "لە ساڵی داهاتوو 10 سەبەتەی خۆراک بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت، بەڵام ئەو کەسانەی مەرجەکانی بەرێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە 12 سەبەتەی خۆراکی بەسەریاندا دابەش دەکرێت".


PM:09:53:23/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 1872 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت