وەزارەتی‌ دەرەوەی‌ عێراق: هێرشه‌كانی ئێران و توركیا بۆسه‌ر هه‌رێم پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی عێراقه‌


وێستگه‌ نیوزـ

وەزارەتی‌ دەرەوەی‌ عێراق عێراق رەتیدەکاتەوە وڵاتەکەی‌ ببێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی‌ ململانێی‌ لایەنی‌ دەرەکی‌ و راگەیاند: ئەو هێرشانەی‌ تورکیا و ئێران لە رێگەی‌ مووشەک و درۆنەوە دەیکەنە سەر هەرێمی‌ کوردستان، پێشێلکاریی‌ سەروەریی‌ عێراقە. 
 
له‌باره‌ی هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی وڵاتانی دراوسێ بۆسه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان، وەزارەتی‌ دەرەوەی‌ عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت: هێرشە چەندبارەکانی‌ تورکیا و ئێران لە رێگەی‌ مووشەک و درۆنەوە دژ بە هەرێمی‌ کوردستان پێشێلکاریی‌ سەروەریی‌ عێراقە و ئەو هێرشانە رەتدەکەنەوە.
 
"حکومەتی‌ عێراق نایەوێت وڵاتەکەی‌ ببێتە گۆڕەپانی‌ یەکلاکردنەوەی‌ ململانێی‌ لایەنی‌ دەرەکی‌ و نابێت خاکەکەی‌ بارەگا یان رێڕەوێک بێت بۆ زیانگەیاندن بەهیچکام لە وڵاتانی‌ دراوسێ."  وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق وای وتوه‌.

نیوه‌شه‌وی رابردوو قه‌ڵای دیموكرات له‌ كۆیه‌ و بنكەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان لە بانەگەور و زڕگوێز له‌ سلێمانی و كه‌مپی كوردانی رۆژهه‌ڵات له‌ ناحیه‌ی به‌حركه‌ له‌ پارێزگای هه‌ولێر له‌لایه‌ن سوپای ئێرانه‌وه‌ بۆردومانكران.

پێشتریش له‌ سەرلەبەیانی رۆژی 14ی تشرینی دووەمی 2022، له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ هێرشکرایە سەر بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردسانی ئێران لە زڕگوێز، كه‌ بووه‌هۆی گیان له‌ده‌ستدانی دوو كه‌س و برینداربوونی هه‌شت كه‌سی دیكه‌.

رۆژی 28ی ئەیلولی 2022ش، بارەگا و کەمپی نیشتەجێبوونی خەڵکی مه‌ده‌نیی حزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سلێمانی و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە پردێ، بوونە ئامانجی هێرشی درۆن و تۆپخانەكانی سوپای پاسدارانی ئێران، له‌ ئه‌نجامدا 18 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و 51 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.


PM:11:00:21/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 948 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت