فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران کوژرا

‌نادر بیرامی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سوپای پاسداران لە پارێزگای کرماشان

وێستگه‌نیوزـ

دەزگای هەواڵگری سوپای پاسداران رایگەیاند، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سوپای پاسداران لە پارێزگای کرماشان لە ئەنجامی هێرشی چەکدارانی نەناسراو کوژراوە.

ئەمڕۆ هەینی 18ی تشرینی دووه‌می 2022، دەزگای هەواڵگری سوپای پاسداران راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، نادر بیرامی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سوپای پاسداران لە پارێزگای کرماشان کوژرا.

ئاماژەی بەوەشداوە، نادر بیرامی، لە ئەنجامی هێرشی چەکدارانی نەناسراوەوە دەستڕێژی گوللـەی لێکراوە و کوژراوە.

دەشڵێت، لەناو هاووڵاتییاندا بەهۆی تەقەی چەکدارە نەناسراوەکانەوە بریندار هەیە.

هاوکات، رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگه‌یاند، هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئێران له‌ شاری سەقز، هاووڵاتییەکیان بە ناوی "عەبدولڕەحمان بەختیاری" تەمەن 66 ساڵان لە نزیک ماڵەکەی خۆی کوشتووه‌.

هەروەها، لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا منداڵێکی تەمەن نۆ ساڵان بە ناوی "کیان پیرفەلەکی" کوژرا و خانەوادەکەشی دەڵێن بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە.

شەوی رابردووش، لە شارۆچکەی خومەین لە ناوەڕاستی ئێران دژ بە ئێران خۆپیشاندان کرا و بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، خۆپێشاندەران ئاگریان لە ماڵە کۆنەکەی خومەینی بەرداوە کە چەندین ساڵە مۆزەخانەیەکی پارێزراوبوو.

هەروەها، لە بەشێك لە گەڕەکەکانی تارانی پایتەخت خۆپیشاندان کرا و لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، سنە و چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندانی دژی دەسەڵاتدارانی ئێران کرا.

ئەمە لەکاتێکدایە، کۆمەڵەی چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئێران رایگەیاند، تا رۆژی پێنجشەممە 17ی تشرینی دووه‌می 2022، ژمارەی ئەو خۆپیشاندەرانەی بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون بۆ 381 کەس بەرزبووەتەوە کە لەنێویاندا 57 کەسی خوار تەمەن 18 ساڵ کوژراون.

رۆژی 13ی ئه‌یلولی 2022، پۆلیسی ئەخلاقی تاران بە پاساوی "پابەند نەبوون بە یاساکانی جلوبەرگی ئیسلامی" ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵی دەستگیر کرد، دوای دەستگیرکردنیشی رەوشی تەندروستی تێکچوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە، دواتر رۆژی 16ی ئه‌یلولی 2022، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

دوابەدوای بە خاکسپاردنی ژینا ئەمینی، لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و شارە گەورەکانی ئێران خۆپیشاندان دەستی پێکرد و گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان ‌یزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران دروستبوو، بەجۆرێک بە گوێرەی کۆتا ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران زیاتر لە 304 خۆپیشاندەر کوژراون کە لەنێویاندا منداڵ و ژن هەن و بەسەدانی دیکەش دەستگیرکراون و تا ئێستاش خۆپیشاندانەکان بەردەوامیان هەیە.



PM:08:30:18/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 2948 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت