حکومەتی عێراق پرۆژەیاسای سەربازیی ناچاری دەکشێنێتەوە


وێستگەنیوز- 

حکومەتی عێراق بڕیاریدا پڕۆژەیاسای خزمەتی سەربازیی ناچاری لە پەرلەمان بکشێنێتەوە. 

ڕۆژی 5-11-2022 پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای خزمەتی سەربازی (سەربازیی زۆرەملێ) دواخست بۆ دانیشتنی دواتری، بەڵام رۆژی 8-11-2022 لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان ئاشکرایکرد کە پڕۆژەیاساکەی ناردووەتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران.  

پڕۆژەیاسای سەربازیی زۆرەملێ مشتومڕێکی زۆری لە شەقام و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق دروستکرد لەنێوان دژبوون و لەگەڵبوون، پێشتر لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەدوای دەرچوونی یاسای خزمەتی سەربازی (سەربازیی زۆرەملێ) لە پەرلەمان، دوای بڵاوبوونەوەی لە ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراقی دەچێتەبواری جێبەجێکرنەوەوە.  

لیژنەکە لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی سەباحی فەرمی رایگەیاند، ئەگەر بەو شێوەی ئێستای دەرچوو، ئەوا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 35 ساڵدایە.  

دەشڵێت، تەمەنی خزمەت بەپێی بڕوانامەی ئەکادیمی هەر کەسێکی شایستە دیاری دەکرێت:

- ئەوانەی بڕوانامەی مامناوەندیان هەیە 18 مانگ خزمەت دەکەن
- ئەوانەی بڕوانامەی ئامادەییان هەیە 12 مانگ
- ئەوانەی بڕوانامەی زانکۆ یان پەیمانگا یان هاوتاکەی هەبێت بۆ ماوەی نۆ مانگ
- ئەوانەی بڕوانامەی ماستەریان هەیە یان هاوتاکەی بۆ ماوەی شەش مانگ
- هەرکەس بڕوانامەی دکتۆرای هەبێ سێ مانگ  

وتیشی، مووچەکانیان لە نێوان 600 بۆ 700 هەزار دەبێت.  


PM:06:56:15/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 1340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت