پۆلیسی ھەولێر: ئەو کەسەی دەستگیرکرد کە دوێنێ شەو براکەی خۆی کوشت


وێستگەنیوز_

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، "ئەو کەسە دەستگیرکراوە کە دوێنێ شەو  براکەی خۆی کوشت." دەشڵێت، "بکوژ و کوژراو بەکارهێنەر و فرۆشیاری ماددەی هۆشبەربوون."

پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، پاش ئەوەی شەوی رابردوو کاتژمێر 01:30 خولەکی شەو،  لە گەرەکی تەیراوە لە رووداوێکی کوشتن ئاگادارکراونەتەوە. کوژراوەکە ناوی جێگر رێگر مستەفایە و تەمەنی 21 ساڵە و لەناو ئۆتۆمبێلەکەی لە جۆری کیا سپۆرتاج کوژراوە. 

هۆگر عەزیز ئاشکرایکرد، دوای بەدواداچوونێکی وورد، توانرا پاش پێنج کاتژمێر بکەری سەرەکی رووداوەکە کە برای خۆی بوو بە ناوی "ج. رێگر مستەفا تەمەن 19 ساڵ" دەستگیربکرێت. 

دەشڵێت، دوای ئەوەی هێزەکانمان لێکۆڵینەوەی تەواویان لەسەر بابەتەکە کرد، لە لایەن کوژراوەوە چەندین کەرەستە و ماددەی قەدەغەکراو دەستی بەسەرداگیرا. کە پێکهاتوون لە یەک تاپڕ و چوار فیشەک، دەمانچەیەک و شەش فیشەک، برێکی زۆر ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ، جامایکا، تلیاک، هیرۆین. هەروەها تەرازووی ماددەی هۆشبەر و کەرەستەی کێشانی ماددەکە. 

وتیشی، "دوای دەستگیرکردنی بکوژەکە، دەستمانگرت بەسەر چەند کەرەستەیەکی ماددەی هۆشبەر، چەکێکی کلاشینکۆف کە هی کوژراوەکە بووە و بکوژ بەکاریهێناوە."

هۆگر عەزیز ئەوەشی خستەڕوو، "دوای ئەوەی تۆمەتبار هەستاوە بە کوشتنی براکەی، 11 فیشەکی پێوەناوە و کوشتویەتی. ئەوەشی جێگەی ئاماژەیە، هەردووکیان بەکارهێنەر و فرۆشیاری ماددەی هۆشبەر بوون."


AM:10:41:05/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 2284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت