خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران: درووشمەکان تاران و شارەکانیتر دەلەرزێنێت

‌خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران

وێستگەنیوز-

دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینیی 22 ساڵ، خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەشت رۆژی تێپەڕاند. لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران هەڕەشەکانیان بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان زیادکردووە، بەڵام درووشمی خۆپیشاندەران شارە کوردییەکان و تارانی پایتەخت و زۆرێک لە شارەکانیتری ئێران دەلەرزێنێت. بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش ژمارەی قوربانیان گەیشتۆتە 50 کەس.

دوای ئەوەی ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی) تەمەن 22 ساڵ و خەڵکی سەقز، ئێوارەی رۆژی سێشەممە 13ی ئه‌یلولی 2022، لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە ئەشکەنجەدرا و چووە کۆماوە، نیوەڕۆی هەینی 16ی ئه‌یلول، لە نەخۆشخانەی کەسرای شاری تاران، گیانی لە دەستدا. دوای ئەو رووداوە خۆپیشاندان شەرە کوردییەکان و زۆر شاریتری ئێران و تارانی پایتەختی گرتەوە. خۆپیشاندەران لەبەرانبەر گولـلەی هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتدا، پەیکەر و وێنە و سیمبولەکانی دەوڵەت دەسوتێنن.

بەپێی زانیارییەکانی رۆیتەرز، پێرێ رۆژی شەممە، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆکی ئێران لە وتووێژێکی تەلەفونیدا بۆ سەرەخۆشیی لە خێزانی یەکێک لە هێزە ئەمنییە کوژراوەکان، بە زمانێکی هەڕەشەئامێز وتویەتی: "دەبێت بە توندی مامەڵە لەگەڵ ئەوانەدا بکرێت، کە دەستدرێژی دەکەنە سەر ئەمن و ئاسایشیی وڵات". بەڵام ئەم قسانەی رەئیسی خۆپیشاندانەکانی خامۆش نەکرد و دوای ئەوە خۆپیشاندان جگە لە شارە کوردییەکان، لە تاران، شیراز، بەندەری ئامل لە مازندەران، شاهین شەهر لە ئەسفەهان، تەبرێز و شوێنی دیکە، دەستی پێ کردەوە و خۆپیشاندەران درووشمی (مەرگ بۆ دیکتاتۆر)یان دەوتەوە.

خۆپیشاندەران گرتەیەکی ڤیدیۆیان بڵاوکردۆتەوە، کە یەکێک لە هێزە ئەمنییەکان، تەقەی راستەوخۆ لە خۆپیشاندەران دەکات لە شەهر رەی لە باشوری تاران.

لە دیمەنێکیتردا، خۆپیشاندەران یەکێک لە هێزە ئەمنییە جل مەدەنییەکانیان کەوتۆتە دەست، کە پێشتر لە ژنێکی داوە و ئەوانیش هێرشی دەکەنە سەر.

هێزە ئەمنییەکانیش رۆژنامەنووس و چالاکانی سیاسی و مەدەنی دەستگیردەکەن و دەنگۆی ئەوە هەیە نزیکەی 12 کەسیان لێ دەستگیرکردبن، بەڵام ئامارێکی فەرمی نییە بۆ ژمارەی دەستگیرکراوان. بە وتەی ئاژانسی ئیرنای ئێرانی، لە زاری عەزیز الله مالکیی بەرپرسی پۆلیس لە پارێزگای گەیلان، تەنها لەو پارێزگایە 739 کەس دەستگیرکراون، کە 60 کەسیان ژنە. 


AM:09:05:25/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 1288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت