لێدوانی وته‌بێژی پارتی له‌باره‌ی كاندیدی هاوبه‌شی یەکێتی و پارتی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار


وێستگەنیوز-

وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایده‌گه‌یێنێت، پارتی و یه‌كێتی تا ئێستا له‌باره‌ی یه‌ك كاندیدی هاوبه‌ش بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق نه‌گه‌یشتووه‌نه‌ته‌ رێككه‌وتن.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 24ـی ئه‌یلوولی 2022، مه‌حموود محه‌ممه‌د، وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌میانی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، پارتی و یه‌كێتی ئێستا له‌قۆناغی گفتوگۆدان و، تا ئێستا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتنی كۆتایی سه‌باره‌ت به‌ یه‌ك كاندیدی هاوبه‌ش بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق.

ئه‌م لێدوانه‌ی وته‌بێژی پارتی له‌ كاتێكدایه‌، رۆژی سێشه‌ممه‌ 19ـی ئه‌یلوولی 2022، عه‌لی حوسێن، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان  رایگه‌یاند، پارتی پێشتر تێبینی له‌باره‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ هه‌بووه‌، چونكه‌ پێی وایه‌ ئه‌و پۆسته‌ سیادییه‌ پێویسته‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان سوودی هه‌بێت، هه‌ماهه‌نگی ته‌واوی له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی كورد له‌ به‌غدا هه‌بێت، به‌ڵام ئێستا هه‌ردوولایه‌نی پارتی و یه‌كێتی گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی ده‌بێت بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێم و ره‌واندنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كان به‌یه‌ك كاندیدی هاوبه‌ش بچنه‌ به‌غدا.

وتیشی: كێشه‌كانی عێراق، هیچ كاتێك كێشه‌ی په‌یوه‌ست سه‌رۆك كۆمار نه‌بووه‌، پێم وانییه‌ ئه‌وه‌ كێشه‌ بووبێت، راسته‌ پارتی و یه‌كێتی تێگه‌یشتنیان جیاوازه‌، به‌ڵام كێشه‌ی عێراق زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ له‌ پۆستی سه‌رۆك كۆمار كورت بكرێته‌وه‌.

ئاماژی به‌وه‌شدا: كورتكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان له‌ پۆستی سه‌رۆك كۆماردا، سیاسه‌تی میدیایی به‌شێك له‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كان بووه‌ له‌ رابردوودا، به‌و پێیه‌ی نه‌بوونی كاندیدی هاوبه‌شی كوردیان به‌ "گه‌وره‌ترین" به‌ربه‌ست له‌ به‌رده‌م پرۆسه‌ی سیاسی عێراق ناوده‌برد، به‌ڵام لایه‌نه‌ كوردییه‌كان وه‌ك عه‌لی حوسێن، ئاماژه‌ی پێدا، پێیان وایه‌ "كێشه‌ گه‌وره‌كه‌ له‌ ناو ماڵی شیعه‌ بووه‌، نه‌ك كورد".


PM:07:00:24/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 3280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت