رێکخراوێکی نێودەوڵەتی: لە شەش ساڵدا تورکیا زیاتر لە 4 هەزار هێرشی لە عێراق ئەنجامداوە


وێستگەنیوز-

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی کۆمەڵگەی مەدەنیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، راپۆرتێکی بە ناوی (End Cross Border Bombing Campiagn) وەکو هەڵمەتی کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی دەرەوەی سنوور بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە مانگی ئابی ساڵی 2015ەوە تاوەکو کانوونی دووەمی 2021 تورکیا زیاتر لە 4 هەزار هێرشی ئاسمانی، تۆپباران و زەوینیی لە سنووری عێراقدا ئەنجامداوە و نزیکەی هەزار و 600 هێرشیان لە ساڵی 2021دا بووە.
 
بە گوێرەی راپۆرتی (هەڵمەتی کۆتاییهێنان بە پێشێلکارییەکانی سنوور)ی ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە کە بارەگای سەرەکی لە جنێڤە و لقی لە 12 وڵات هەیە و بارەگای لە واشنتن و نیویۆرکیش هەیە، لە ماوەی نێوان 1ی ئابی 2015 تاوەکو 31ی کانوونی یەکەمی 2021، هێزە سەربازییەکانی تورکیا لانیکەم 88 جار لە رێگەی هێرشی زەوینی، تۆپباران و مووشەکبارانەوە سنووری عێراقیان پێشێلکردووە و بەو هۆیەشەوە، 123 هاووڵاتیی سڤیل کوژراون و 161 هاووڵاتیش برینداربوون، زۆرترینیش لە ساڵانی 2020 و 2021 بووە و کە هەر ساڵێکیان نزیکەی 20 جار تورکیا هێرشی لەو ناوچانە ئەنجامداوە.
 
لە راپۆرتە 24 لاپەڕەییەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، لە 37 هێرشی هێزەکانی سوپای تورکیا، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هێلیکۆپتەر و تۆپهاوێژ بەکارهاتوون، گوند و شارۆچکە و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکیان کردووەتە ئامانج، بووەتە هۆی وێرانکردن و زیانگەیاندن بە ماڵ، قوتابخانە، نەخۆشخانە، مارکێت و پڕۆژەی دابەشکردنی ئاوی خواردنەوەی ماڵان، وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و مزگەوت و شوێنە ئایینییەکانی دیکە. 
 
بەپێی راپۆرتەکە، لە کۆی ئەم 37 هێرشانەش، 39 هاووڵاتیی سڤیل کە چواریان منداڵبوون کوژراون و 72 ی دیکەیان کە 10یان منداڵبوون برینداربوون، لە نێو ئەو کەسانەشی کە مردوون، کارمەندانی تەندروستی، خاوەنکار و خاوەن مارکێتەکان، خوێندکار، کارمەندانی شارەوانی و کارمەندانی هەڵگرەوەی مین بوون. هەندێک لە هێرشەکان لە دووری 115 کیلۆمەتر لە باشووری سنووری تورکیا بوون.
 
لە راپۆرتەکەشدا هاتووە، کە 23 هێرشیان بۆ سەر ئۆتۆمبێلی خەڵکی سڤیل بوون، نزیکەی 10 جار لەلایەن تورکیاوە کراونەتە ئامانج، هێرشەکانیش لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، فڕۆکەی شەڕکەر (هەشت جار)، هێلیکۆپتەر (یەک جار) و هێرش لە رێگەی چەکی دیکەوە (یەک جار)، تێیدا 13 هاووڵاتیی سڤیل کە یەکێکیان منداڵ بووە کوژراون و 10ی دیکەش کە دووانیان منداڵ بوون برینداربوون.
 
لەو راپۆرتەدا، ئاماژە بە 8 هێرشی سوپای تورکیا کراوە لە کۆی 88 هێرشەکەی کە سنووری عێراقی بەزاندووە، تێیدا 38 کەس بوونەتە قوربانی، بە جۆرێک 17 کەسیان کە یەکێکیان منداڵ بووە کوژراون و 21 ی دیکەش کە یەکێکیان منداڵ بووە بریندار بوون.
 
هێرشی سەر ناوچە کشتوکاڵییەکان
 
نزیکەی 55 لە قوربانییەکانی هێرشەکانی تورکیا لەنێو ئەو کەسانەدان کە بە جووتیاری و کاری کشتوکاڵەوە سەرقاڵن، نزیکەی 25 هێرشی کردووەتە سەر ئەو ناوچانەی کە جووتیاران بە کاری کشتوکاڵەوە سەرقاڵن، 15 هێرشیان لە رێگەی هێرشی ئاسمانی و، 9 هێرشیان لە رێگەی تۆپهاوێژ و هێرشێکی دیکەشیان لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دیکەوە بووە، زۆرجاریش هێرشەکان لەو کاتانەدا بوون، کە خەڵک لەسەر کێڵگە و کشتوکاڵ، لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵاتەکانیان یان ئەوانەی کە خەریکی راوەماسی بوون.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، 9 هاووڵاتی کە خەریکی راوکردن یان گەڕان بە دوای رووەک و گیای سرووشتیدا بوون کوژراون و برینداربوون، کە بەهۆی چوار هێرشی سوپای تورکیا (دوو هێرشیان لە رێگەی فڕۆکە و دوو هێرشیان لە رێگەی مووشەکی تۆپهاوێژ)ەوە بووە و تێیدا، چوار هاونیشتمانی (یەکێکیان کچە خوێندکارێکی تەمەن 19 ساڵان) بووە کوژراون و 5ی دیکەش برینداربوون.
 
زانیارییە کەسییەکان لەبارەی قوربانییەکان
 
بە گوێرەی راپۆرتەکە، 87%ی کوژراون پیاون، 13%یان ژنن، هەروەها شەش منداڵیش کوژراون و 14ی دیکەش برینداربوون.
 
تورکیا و پەکەکە ئاماری جیاواز لەسەر شەڕ و قوربانییەکانی شەڕی نێوانیان بڵاودەکەنەوە و زۆربەی جاریش هەردووکیان ئاماری پێچەوانەی یەکدی بڵاودەکەنەوە، ئەمەش وایکردووە کە تائێستا نەتوانرێت ئامارێکی فەرمیی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان تورکیا و پەکەکە بڵاوبکرێتەوە.
 
جوگرافیای قوربانییانی مرۆیی شەڕی تورکیا و پەکەکە
 
لەسەر دابەشبوونی جوگرافیای هێرشەکانی تورکیا، راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، پارێزگای دهۆک پلەی یەکەمی گرتووە و بەهۆی ئەو سنوورە زۆرەی لەگەڵ تورکیا هەیەتی و زۆرینەی هێرشەکانی تورکیاش لە سنووری پارێزگای دهۆکە و هەر بۆیەش، زۆرترین رێژەی قوربانییەکان بە کوژراو و بریندارەوە لە سنووری پارێزگای دهۆکن.
 
لە پارێزگای دهۆک 51 بۆ 67 کەس، لە پارێزگای هەولێر کە دوای دهۆک رووبەرێکی زۆری سنووری لەگەڵ تورکیا هەیە و نزیکەی 29 بۆ 37 کەس بەوهۆیەوە کوژراون، لە پارێزگای نەینەواش، 12 کەسی مەدەنی کوژراون و 16 بۆ 22 کەسی دیکەش برینداربوون، هەروەها لە پارێزگای سلێمانیش 6 بۆ 7 کەس کوژراون و 22 بۆ 23 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، سوپای تورکیا چوار هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر کەمپی مەخموور کە پەنابەرانی تورکیا (باکووری کوردستان)ی تێدایە و دەکەوێتە دووری 165 کیلۆمەتر لە باشووری سنووری تورکیا، لەو هێرشانەشدا 10 کەس کوژراون و 10ی دیکەش برینداربوون.


PM:06:05:24/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 1116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو