ڕووپێوییەکی دەستەی ئامار بارودۆخى كۆمەڵایەتى و تەندروستى ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو

‌شاری هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان

وێستگەنیوز-

بەپێی رووپێوییەکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، رێژەی 36٪ـی جیابوونەوەی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان بەهۆی دەستوەردانی خێزانییەوەیە و 16ـیشیان بەهۆی لێدانی پیاوان و 12.9٪یش بەهۆی فرەژنییەوەیە.

 
لە رووپێوییەکەی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان هەزار و 596 خێزان بەشدارییان تێداکردووە و لە هەر پارێزگایەک 532 خێزان وەرگیراون، رووپێوییەکە بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای ناوەندیی ئاماری عێراق و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان کراوە، کاری مەیدانیی رووپێوییەکەش لە ئەیلوولی ساڵی 2021 کراوە و 20 رۆژی خایاندووە.
 
هەروەها رێژەی 5.7ـ٪ـی کچان و ژنانی هەرێمی کوردستان جگەرە دەکێشن کە هەولێر لە پلەی یەکەمدایە، لە رووپێوییەکە دەریدەخات رێژەی 6.9٪ی ئافرەتان بەدەست پشتگوێخستن و گرنگی پێنەدانەوە و رێژەی 13.5٪یشیان بەهۆی بڕیاردان لەسەر جلوبەرگەوە تووندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت.

ڕووپێوی بارودۆخى كۆمەڵایەتى وته ندروستى ئافرەتان
له هەرێمى كوردستان 2021 :
 
دەستوەردانی خێزانی هۆکاری یەکەمی جیابوونەوە
 
بەپێی رووپێوییەکە، بارودۆخی کۆمەڵایەتی و تەندروستیی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021، هۆکارەکانی جیابوونەوە بۆ ئافرەتانی 15 ساڵان و زیاتر زۆرن، بەڵام زۆربەی جیابوونەوەکان بەهۆی دەستوەردانی خێزانییە.
 
لە دیارترین هۆکارەکانی جیابوونەوە بریتین لە:
 
- 36٪ بەهۆی دەستوەردانی خێزانی.
- 33.8٪ بەهۆی نەگونجانی کۆمەڵایەتی.
- 21.1٪ نەبوونی متمانە.
- 18.6٪ ئالودەبوون و خواردنەوەی کحول.
- 16٪ لێدانی پیاو لە هاوژینەکەی.
- 12.9٪ بەهۆی فرەژنییەوە.
- 8٪یش بەهۆی دۆخی ئابووری.
 
 
بە شوودانی منداڵ
 
لە رووپێوییەکەدا سەبارەت بە رێژەی تەمەنی هاوسەرگیری لە هەرێمی کوردستان دەرکەوتووە، بەشێک لەوانەی بەشوودراون منداڵن.
 
رێژەی 23٪ی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان لە خوار تەمەنی 18 ساڵییەوە هاوسەرگیرییان کردووە و 10٪یشیان لە خوار تەمەنی 15 ساڵییەوە، سلێمانی یەکەمی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بووە کە هاوسەرگیریی تەمەن خوار 18 ساڵ تێیدا بەڕێژەی 23٪ و خوار 15 ساڵیش 10.3٪ بووە.
 
بەپێی رووپێوییەکەی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، رێژەی 11.8٪ی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان سەرۆکی خێزانن، لە هەولێر رێژەکە 9.4٪ و لە سلێمانی 14.2٪ و لە دهۆک 10.5٪ـە.
 
"5.7ـ٪ـی کچان و ژنانی هەرێمی کوردستان جگەرەکێشن"
 
رووپێویی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و تەندروستیی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان 2021، جگەرەکێشانی کچان و ژنانی وەکو یەکێک لە بابەتەکان دیاریکردووە و بەپێی رووپێوییەکە دەردەکەوێت کە رێژەی ئەو ئافرەتانەی 15 ساڵ و زیاتر کە جگەرە و هاوشێوەکانی دەکێشن لە هەرێمی کوردستان 5.7٪ دەبێت، لە هەولێر رێژەکە 8.1 ٪ـە، لە سلێمانی 3.9٪ و لە دهۆکیش 5.4٪ـە.
 
هەروەها ژمارە و کاتەکانی جگەرەکێشانیش روونکراوەتەوە، دەرکەوتووە ئەو کچ و ژنانەی جگەرە دەکێشن رێژەی 73.3٪یان هەموو رۆژێک جگەرە دەکێشن، رێژەی 26٪یشیان رۆژانە یەک بۆ کەمتر لە 10 جگەرە دەکێشن. رێژەی ئەو جگەرەکێشانەی ژنان و کچانیش بەمشێوەیە دابەشبووە:
 
- هەولێر: ئەو کچ و ژنانەی رۆژانە جگەرە دەکێشن 71.5٪ـە.
- سلێمانی: ئەو کچ و ژنانەی رۆژانە جگەرە دەکێشن 70.4٪ـە.
- دهۆک: ئەو کچ و ژنانەی رۆژانە جگەرە دەکێشن 89.4٪ـە.
 
هەرچی ئەو کچ و ژنانەیە کە رۆژانە لە یەک جگەرە بۆ کەمتر لە 10 جگەرە دەکێشن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەمشیوەیەیە:
 
- هەولێر: 27.4٪.
- سلێمانی: 29.6٪.
- دهۆک: 10.6٪.
 
تەمەنی کچان و ژنانی جگەرەکێش:
 
- 45 ساڵ و زیاتر، 92.1٪ـی ژنان و کچانی جگەرەکێش پێکدەهێنن.
- تەمەنی 30 بۆ 44 ساڵ، 72.5٪ـی ژنان و کچانی جگەرەکێش پێکدەهێنن.
- تەمەنی 20 بۆ 29 ساڵ، 42٪ـی ژنان و کچانی جگەرەکێش پێکدەهێنن.
 
 
"ئیرەیی هۆکارێکی بەربڵاوە لە تووندوتیژی"
 
بەشێکی رووپێوییەکە تایبەتە بە تووندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان. لە رووپێوییەکەدا ئاماژە بە بەشێک لەو جۆرە تووندوتیژییانە دراوە کە پیاوەکان بەرامبەر ژنەکانیان دەیکەن کە بەمشێوەیە بووە:
 
- پشتگوێخستن و گرنگی پێنەدان: 6.9٪.
- بڕیاردان لەسەر جلوبەرگ و چۆنێتی پۆشینی جلوبەرگ: 13.5٪.
- رێگری لە خەرجی ماڵ و پارەی خێزان: 4.8٪.
- رێگری لە زانینی داهاتی خێزان: 5٪.
- پێداگیری تاوەکو بزانرێت لەکوێ بووە و لەگەڵ کێ بووە: 16.4٪.
- سنووردارکردنی پەیوەندی لەگەڵ خێزان و هاوڕێ: 12.7٪.
- ئیرەیی: 17.4٪.
 
لەبارەی هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی تووندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان بەگوێرەی بیروڕای ئافرەتانی تەمەن 15 ساڵ و زیاتر:
 
- رێژەی 39.7 بۆ لاوازیی هۆشیاریی پیاوان و 28.3٪ بۆ لاوازیی هۆشیاری ژنان و 37٪ بۆ پەروەردە و پێگەیاندنی خێزانی و 33.2٪ بۆ سیستەمی کۆمەڵایەتی "کولتوور و روانگەی کۆمەڵگە"، 22.6٪ بۆ خراپیی بارودۆخی ئابووری و 10.1٪ بۆ لاوازیی ئافرەت لە خۆقبوڵکردنی و 8.6٪یش بۆ تێگەیشتنی هەڵە لە ئایینیان گەڕاندووەتەوە.
 
"٪85.9ـی ئافرەتان کارناکەن"
 
کارکردنی ئافرەتان یەکێکی دیکەیە لەو تەوەرانەی رووپێوی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و تەندروستیی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان 2021ـی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان تیشکی خستووەتەسەر، لە بەشەدا هاتووە: رێژەی 85.9٪ـی ئافرەتانی هەرێمی کوردستان لە تەمەنی 15 ساڵ و زیاتر کارناکەن کە بەمشێوەیە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەشبوون:
 
- هەولێر: 84.2٪.
- سلێمانی: 84.8٪.
- دهۆک: 91.1٪.
 
هەرچی کچان و ژنانی کارکەرن رێژەیان 14.1٪ دەبێت و بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەشبوون:
 
- هەولێر: 15.8٪.
- سلێمانی: 15.2٪.
- دهۆک: 8.9٪.
 
 
بەپێی رووپێوییەکە 60٪ی ژنان ئەگەر هەلی کاریشیان بۆ بڕەخسێندرێت ئامادەنین کار بکەن کە بە گوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیەیە:
 
- هەولێر: 69.8٪.
- سلێمانی: 55.2٪.
- دهۆک: 53.7٪.
 
"51.9٪ـی ئافرەتانی هەرێمی کوردستان ئینتەرنێت بەکاردەهێنن"
 
سەبارەت بە بەکارهێنانی ئینتەرنێت دەرکەوتووە کە 51.9ـی کچان و ژنان لە هەرێمی کوردستان ئینتەرنێت بەکاردەهێنن و 48.1٪ بەکاریناهێنن و رێژەکان بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکاندا دابەشبوون:
 
- هەولێر: 50.3٪ بەکاریدەهێنن، 49.7٪ بەکاریناهێنن.
- سلێمانی: 53.5٪ بەکاریدەهێنن، 46.5٪ بەکاریناهێنن.
- دهۆک: 51.5٪ بەکاریدەهێنن، 48.5٪ بەکاریناهێنن
 
لەبارەی موڵک یان خاوەندارێتی کشتوکاڵی یان بەهاوبەشی لەگەڵ کەسانی دیکە، رێژەی 11.5٪ی ئافرەتان موڵکی تایبەت یان هاوبەشیان هەیە، رێژەی 1.1٪یش خاوەندارێتیی کشتوکاڵی تایبەت یان بە هاوبەشییان هەیە.


PM:05:50:23/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 2084 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو