سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکرا

‌سیاوەش حەیاتی، سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد

وێستگەنیوز-

سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکرا و لە راگەیاندراوێکیشدا بەرەکە دەستگیرکردنی سیاوەش حەیاتی بە "بەدیلگرتن" ناو دەبات.

 
بەیانیی ئەمڕۆ بەرەی یەکگرتووی کورد لە راگەیاراوێکدا گیرانی سیاوەس حەیاتی بە "بەدیلگرتن" وەسفکرد و رایگەیاند: "رۆژی هەینی 1 رەزبەری 1401 هەتاوی، سیاوەش حەیاتی دەبیری بەرەی یەکگرتووی کورد بە شێوەیەکی نایاسایی و ناڕەوا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا".
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەدا هاتووە: "ئەمه له کاتێکدایە کە چارەنووس و شوێنی راگرتنی نابراو ناڕوونە و بەرپرسانی ئەمنی خۆیان لەوە دەپەڕێنن لەسەر دۆخ و تۆمەتە لەپاڵ دراوەکانی ناوبراو بەرچاوڕوونی بدەنە خەڵک و ئێمە و بنەماڵەکەی".
 
بەرەی یەکگرتووی کورد وێڕای شەرمەزارکردنی "بەدیلگرتنی ناڕەوا"ی سیاوەش حەیاتی، بەڵێن دەدات تاوەکو چەسپاندنی مافە نەتەوەییە مۆدێرنەکانی نەتەوەی کورد لە تێکۆشان نەوەستێت.
 
بەرەی یەکگرتووی کورد لە ساڵی 2005، به هەوڵی نوێنەری کۆچکردووی شاری سنه، ئەندازیار بەهائەدین ئەدەب و چەند چالاکوانێکی کورد دامەزرا، ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی ئێستا و پێشووی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەندامی بەرەکەن.
 
خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد و تائێستا بەردەوامن، ژینا ئەمینی، کچە کوردێکی شاری سەقز بوو، 13 ی ئەیلولی 2022 لەگەڵ برایەکیدا سەردانی تارانی کرد و دواتر بە پاساوی لادان لە رێوشوێنەکانی باڵاپۆشی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر رۆژی هەینی 16ـی ئەیلوول لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لەدەستدا.
 
رۆژی شەممە 17 ی ئەیلولی 2022 لە شاری سەقز لە رێوڕەسمێکی بەرفراواندا تەرمی ژینا ئەمینی سپاردەی خاک کرا و دوانیوەڕۆی هەمان رۆژ خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپێکرد و تائێستاش بەردەوامە.


PM:05:17:23/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 1768 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت