پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنی لە بناری چیای قەرەچووغ ئەنجامدا


وێستگەنیوز_

هێزەکانی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنیان لە بناری چیای قەرەچووغ لە سنووری قەزای مەخمووری باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای نەینەوای باکووری عێراق ئەنجامدا.

بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویکردووەتەوە، لە درێژەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە هێزەکانی پێشمەرگە ئەنجامیان دەدات، بۆ کێوماڵکردنی ئەو ناوچانەی گومانی هەبوونی مۆڵگە و شوێنی حەوانەوەی چەکدارانی داعشی لێ دەکرێت، رۆژی پێنجشەممە 22ی ئەیلولی 2022، لیوای 14ی پیادە، ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنیان لە بناری چیای قەرەچووغ ئەنجامداوە.

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، کێوماڵی گوندەکانی گاور، کەنداڵ، گردە شین، مەلا ئاغا و کەپەنەڕەش-یان لە بناری چیای قەرەچووغ کردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە، ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە دەستەبەرکردنی سەقامگیری ئەمنی زیاترە بۆ ناوچەکە و دڵنیاییدانە بە خەڵک کە ناوچەکە ئارامە و ئاسایشی تەواو تیایدا بەرقەرارە.


PM:02:31:23/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 1388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت