بایدن ژنانی ئێران بە ئازا ناودەبات
ژنە خۆپیشاندەرێک لەبەردەم هێزی بەرەنگاربوونەوەی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی
وێستگەنیوز-
خۆپیشاندانی ژنانی ئێران دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، لە وتەی سەرۆکە رۆژئاواییەکان، لە خۆلی 77ی کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، رووبەرێکی فراوان لە وتەکانیان داگیردەکات.
لەوبارەیەوە جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا، هاوپشتیی خۆی بۆ (ژنە ئازاکانی ئێران) دەربڕی، وەک ناوی بردن و وتی: "لەگەڵ میللەتی ئێرانی ئازا و ژنە ئێرانییە ئازاکان و هەموو ئەوانەداین، کە بۆ سادەترین مافی خۆیان خۆپیشاندان دەکەن".
هەروەها ئیمانۆیل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنساش، رۆژی سێ شەممە لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسیی سەرۆکی ئێران، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، داوای لی کرد: "رێزبگرن لە مافەکانی ژنان".
جێگای بیرهێنانەوەیە ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی) تەمەن 22 ساڵ و خەڵکی سەقز، ئێوارەی رۆژی سێشەممە 13ی ئهیلولی 2022، لەلایەن هێزەکانی (بەرەنگاربوونەوەی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی)ییەوە ئەشکەنجەدرا و چووە کۆماوە. نیوەڕۆی هەینی 16ی ئهیلول، لە نەخۆشخانەی کەسرای شاری تاران، گیانی لە دەستدا. دوای ئەو رووداوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتەۆتەوە.
PM:12:12:22/09/2022
ئهم بابهته 732
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت