وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: داوا لە تاران دەکەین کۆتایی بهێنێت بەو سەرکوتکردنە سیستماتیکیەی دژی ژنان
ژینا ئەمینی
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ سێشەممە هەریەک لە وەزیر و وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەڵوێستی خۆیان لەبارەی کوژرانی ژینا ئەمینی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوکردەوە.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر تویتەرەکەی لە بارەی کوژرانی ژینا ئەمینی نووسیویەتی " دەبووا مەهسا ئەمینی ئێستا لە ژیاندا بووایە، بەڵام لە جیاتی ئەوە ئەمەریکا و گەلی ئێران ماتەمینی بۆ دەگێڕن. ئێمە داوا لە حکومەتی ئێران دەکەین کۆتایی بهێنێت بەو سەرکوتکردنە سیستماتیکیەی دژی ژنان، وە ڕێگە بە خۆپیشاندانی ئاشتیانە بدات."
هاوکات نێد پرایس، وتەبێژی وزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەویش نووسیویەتی "ژنانی ئێران نابێت دەستگیربکرێن لەسەر ئەوەی چ جۆرە جلوبەرگێک بۆخۆیان هەڵدەبژێرن، ئینجا چ جای دڕندانە لێیان بدرێت. پێویستە حکومەتی ئێران گوێبیستی ئەوانە بێت کە ناڕەزایی دەردەبڕن لەسەر کوژرانی بێ بەزەییانەی مەهسا ئەمینی لە دەستگیرکردنی پۆلیسدا، نەک تەقەیان لێبکات."
جێگای بیرهێنانەوەیە، ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی) تەمەن 22 ساڵ و خەڵکی سەقز، ئێوارەی رۆژی سێشەممە 13ی ئهیلولی 2022، لەلایەن هێزەکانی (بەرەنگاربوونەوەی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی)ییەوە ئەشکەنجەدرا و چووە کۆماوە. نیوەڕۆی هەینی 16ی ئهیلول، لە نەخۆشخانەی کەسرای شاری تاران، گیانی لە دەستدا.
گیان لەدەستدانی ژینا ناڕەزایی توندی خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی لێکەوتەوەو خۆپیشاندانی ناڕەزایی و مانگرتن بەڕێوەچوو گرژییەکانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رایگەیاند لە مانگرتن و ناڕەزایی دەربڕینەکانی دوێنێ دووشەممە، لانی کەم سێ هاوڵاتیی کورد کوژراون و 221 هاوڵاتیی دیکەش بریندار بوون. زیاتر لە 250 هاوڵاتیی کوردیش بە شێوەی توندوتیژانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندراون.
PM:06:41:20/09/2022
ئهم بابهته 568
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت