بازرگانی عێراق لەبارەی بەشەخۆراکەوە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان رێککەوت

‌وێنە: ئەرشیڤ

وێستگه‌نیوزـ

وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕی 100 هەزار ته‌ن دانەوێڵە بۆ گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ دابین دەکات و هەوڵی هاوردەکردنی 300 هەزار ته‌نی دیکە بۆ دابینکردنی بەشە خۆراکی مانگانەی ساڵی داهاتوو دەدات.


محەمەد حەنون، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، کۆمپانیاکەیان لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی ئەمریکی تایبەت بە بازرگانی دانەوێڵە لەسەر کڕینی 100 هەزار ته‌ن دانەوێڵە رێککەوتون و هەوڵی کڕینی 300 هەزار ته‌ن دانەوێڵەی دیکە دەدەن بۆ عەمبارکردن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دانەوێڵانە بۆ دابەشکردنییەتی وەک بەشەخۆراکی مانگانەی چەند مانگێکی سەرەتای ساڵی داهاتوو.

ئەوەشی خستەڕوو، بڕی 930 ملیار دینار دابینکراوە بۆ کڕینی دانەوێڵە و ئەم بڕە داراییەش بەشی کڕینی بەشە خۆراکی پێنج مانگ دەکات.

ئاماژەی بەوەشدا، کارتی بەشە خۆراکی مانگانەش گرەنتی کراوە و هیچ نیگەرانی لەسەر نییە، بەشی ساڵێک دانەوێڵەی عەمبارکراو لە عێراقدا دەبێت و پلانی هاوردەکردن لە سەرەتادا 100 هەزار ته‌ن بوو و لە ماوەی هەفتەی داهاتووشدا بڕیاری هاوردەکردنی 300 هەزار ته‌ن رادەگەیەنن.

دەشڵێت، "عێراق باشترین وڵاتی ناوچەکانی دەوروبەریەتی لەبەر ئەوەی پشتگیری خۆراکی لە کارتی بەشە خۆراکی مانگانە دەرنەهێنا و ئاردیشی لە بەرهەمەکانی بەشە خۆراکی مانگانە هێشتەوە".


AM:08:33:20/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 864 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت