ئۆکرانیا: لە مانگی داهاتوو سێ ملیۆن تەن دانەوێڵە لە بەندەرەکانەوە هەناردەی دەرەوە دەکەین


وێستگه‌نیوزـ

جێگری وەزیری ژێرخانی ئابووری ئۆکرانیا رایگەیاند، ئۆکرانیا لە مانگی داهاتوودا دەتوانێت سێ ملیۆن تەن دانەوێڵە هەناردەی جیهان بکات و رەنگە لە داهاتوودا بتوانێت مانگانە چوار ملیۆن تەن لە بەندەرەکانەوە هەناردە بکات.

یوری ڤاسکۆڤ، جێگری وەزیری ژێرخانی ئابوری ئۆکرانیا لەبارەی توانای وڵاتەکەی بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵە رایگەیاند، ئۆکرانیا لە مانگی نۆدا دەتوانێت سێ ملیۆن تەن دانەوێڵە هەناردەی جیهان بکات.

ئاماژەی بەوەشدا رەنگە لە داهاتوودا ئۆکرانیا بتوانێت مانگانە چوار ملیۆن تەن دانەوێڵە لە بەندەرەکانەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆکرانیا داواکاری بۆ 30 کەشتی دیکە وەرگرتووە کە لە دوو هەفتەی داهاتوودا دێن بۆ ئۆکرانیا بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵە.

هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە تویتەر بڵاویکردەوە پێنج کەشتی گواستنەوەی دانەوێڵە کەناراوەکانی ئۆکرانیایان جێهێشتووە.

ئەمەش دوای ئەوەدێت، روسیا و ئۆکرانیا واژۆیان لەسەر رێککەوتننامەی هەناردەکردنی دانەوێڵە کردووە و بەپێی ئەو رێککەوتنامەیە روسیا دەبێت رێگا بدات دانەوێڵە لە بەندەرەکانی ئۆکرانیاوە بەرەو بازاڕەکانی جیهان هەناردە بکرێت.

لە دوای هێرشی رووسیا لە 24ـی مانگی شوباتی ئەمساڵ و گەمارۆدانی لەنگەرەکانی دەریای رەشی ئۆکرانیا، هەناردەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا کەمی کرد، بەڵام مانگی رابردوو سێ لەنگەری دەریای رەش کرایەوە.


PM:07:53:17/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 1244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو