دوای دوو رۆژ لە ئاگربەست سێ فەرماندەی بزووتنەوەی فەتح کوژران
ئیبراهیم نابلسی، یەکێک لە فەرماندە کوژراوەکانی بزووتنەوەی فەتح
وێستگهنیوزـ
دوای دوو رۆژ لە راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە کەرتی غەززە، ئەمڕۆ سێشەممە، لە شەڕ و پێکدادانێکدا لە شاری نابلس، سوپای ئیسرائیل سێ فەرماندەی بزووتنەوەی فەتحی کوشت.
دوای ئەوەی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل چووە شاری نابلسەوە، شەڕ و پێکدادانی چەکداریی روویدا و بەهۆیەوە سێ فەرماندەی بزووتنەوەی فەتح کوژران و 30 فەلەستینیی تریش برینداربوون.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی (جیرۆزالیم پۆست) کە لە سەرچاوە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە وەریگرتووە، ئیبراهیم نابلسی، فەرماندە لە (کەتائب شوهەداو ئەلئەقصا)ی سەر بە بزووتنەوەی فەتح یەکێکە لە کوژراوەکان، کە داواکراو بووە لەلایەن ئیسرائیلەوە و چەند جارێک لە هەوڵی کووشتن رزگاری بووبوو.
لەلایەکیترەوە راپۆرتە رۆژنامەوانییە فەلەستینییەکان رایانگەیاند، کە لەو هەڵکوتانەسەرەی سوپای ئیسرائیلدا، ٣٠ فەلەستینییش برینداربوون، کە بارودۆخی چواریان مەترسیدارە.
وەزیری ئاسایشیی ناوخۆی ئیسرائیل عومەر بارلیف رایگەیاند: ئەوەی لەم چەند رۆژەی رابردوودا لە غەززە و ئەمڕۆش لە نابلس کردمان، ئەگەری هەیە لە هەموو کات و شوێنێکدا دووبارەی بکەینەوە.
جێگای ئاماژەیە، دوای سێ رۆژ لە مووشەکباران و بۆردوومانی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامیی لە کەرتی غەززە، کە 44 کوژراو و 360 برینداری لێکەوتەوە، رۆژی یەکشەممە هەردوولا گەیشتنە ئاگربەست، بەڵام چاودێران بە ئاگربەستێکی لاوازیان دانا و ئەمڕۆش بۆ جارێکیتر شەڕ و پێکدادان لەنێوان هەردوو لادا روویدا.
PM:12:03:09/08/2022
ئهم بابهته 1000
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت