شەش کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا خنکان

‌بەلەمێکی کۆچبەران فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌نیوزـ

بەلەمێکی کۆچبەران لەنزیک کەناراوەکانی جه‌زائیر ژێرئاو کەوتووە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، شەش کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە.
 
رۆژی 8ی ئابی 2022 تەلەفیزیۆنی فەرمی جەزائیر بڵاویکردەوە، بەلەمێکی کۆچبەران ژێرئاو کەوتووە و تیمەکانی فریاگوزاری تەرمی شەش کەسیان دۆزیوەتەوە و شەش کەسی دیکەش کە رزگارکراون، برینداربوون کە یەكێکیان ژنێکی دووگیان بووە.
 
بەگوێرەی میدیای جه‌زائیر، بەلەمەکە کاتژمێر چواری بەیانی بە کاتی ناوخۆی ئەو وڵاتە (شه‌شی به‌یانی به‌كاتی هه‌ولێر) ژێرئاوکەوتووە، تیمەکانی فریاکەوتن بەردەوامن لە گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبوواندا و هێشتا نازانرێت چەند کەس بێسەروشوێنن.
 
هەرچەندە ناسنامەی کۆچبەرەکان ئاشکرا نەکراوە، بەڵام بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن، سەرنشینانی بەلەمەکە، هاووڵاتیی وڵاتانی باکووری ئەفریقا بوون.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی جەزائیر، لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، زیاتر لە دوو هەزار و 350 کۆچبەر لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە بەنێو دەریای نێوەڕاستدا رزگار کراون.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی یەكێتیی ئەوروپا، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022دا لانیکەم 114 هەزار و 700 کەس بەشێوەیەکی نایاسایی چوونەتە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا.
 
کۆچبەران لە وڵاتانی ئەفریقاوە بەناو دەریای ناوەڕاستدا هەوڵی گەیشتن بە ئەوروپا دەدەن. ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە ساڵی 2021دا زیاتر لە 116 هەزار پەناخواز دەریای ناوەڕاستیان بڕیوە؛ 55%یان چوونەتە ئیتاڵیا، 35%یان چوونەتە ئیسپانیا و 7%یان چوونەتە یۆنان، کە ژمارەیان چوار هەزار و 109 کۆچبەر دەبێت و لە تورکیاوە بەناو دەریای ئیجەدا گەشتیان کردووە.
 
بەگوێرەی ئاژانسی یەکێتیی ئەوروپا بۆ مافە بنچینەییەکان، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە، لانیکەم 842 کۆچبەر لە کاتی پەڕینەوە لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە.


PM:08:02:08/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 2280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت