خۆراک لەبەرانبەر سەربازدا.. ئایا کۆریای باکور دەچێتە جەنگی ئۆکرانیاوە؟

‌دیدارێکی ڤلادمیر پوتین و کیم جۆن ئون. وێنە: ئەرشیف

وێستگەنیوز-
 
رۆژنامەی (دەیلی مەیل)ی بەریتانیا رێکەوتنێکی لەنێوان رووسیا و کۆریای باکوردا ئاشکرا کرد، کە بەپێی رێکەوتنەکە کۆریای باکور هاوکاریی رووسیا دەکات لە ئۆکرانیا و لەبەرانبەریشیدا رووسیا بە دانەوێڵە و سووتەمەنیی یارمەتی کۆریای باکور دەدات.

 
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا، پەنادەباتە بەر رێبەری کۆریای باکور کیم جۆنگ ئۆن، تا لە جەنگی ئۆکرانیادا یارمەتیی بدات. ئەویش لە رێگای رێکەوتنێکەوە کە لەبەرانبەر دانەوێڵە و سووتەمەنیدا، ١٠٠هەزار سەرباز بدات بە رووسیا.

هەروەها رۆژنامەکە لەئاژانسی (ریجنۆم)ەوە گواستوویەتییەوە، کۆریای باکور لە رێگای کەناڵە دیپلۆماسییەکانییەوە ئاشکرای کردووە، کە جگە لە بەشداریکردنی لە چاککردنەوەی وێرانکارییەکانی جەنگەکەدا، ئامادەیی تیادایە هێزێکی گەورەی شەڕکەر لە هەردوو ناوچەی دۆنیتسک و لۆگانسکی ئۆکرانیا بڵاوبکاتەوە.

لەوبارەیەوە ئەفسەری شارەزا لەبواری بەرگریی، ئیگۆر کۆریچینکۆ بە تەلەفزیۆنی فەرمیی رووسیای وتووە: "نابێت شەرم لەو دەستە بکەین کە کیم جۆنگ ئۆن بۆی درێژکردووین". هەروەها وتووشیەتی ئەگەر خۆبەخشەکانی کۆریای باکور بە چەک و تەقەمەنیی خۆیانەوە دەیانەوێت بەشدار بن، با رێگەیان پێ بدەین.
 
سەبارەت بە جێبەجێکردنی رێکەوتننامەکە، شارەزا لە کاروباری نێودەوڵەتی و ستراتیژیی ئێرینا تسۆکرمانی ئەمریکی، گومانی خۆی دەربڕی و رایگەیاند، کە گواستنەوەی دەیان هەزار سەرباز کارێکی ئاسان نییە و کێشەی زمان و نەشارەزاییش هەیە لە هەماهەنگیی لەگەڵ هێزەکانی رووسیادا.
 
هەروەها تسوکرمان بە سکای نیوزی راگەیاند، گومان دەکات کە کۆریای باکور ئامادەیی ئەم کارە مەترسیدارەی هەبێت لەم کاتەدا، بەڵام لەوانەیە هەندێک یارمەتی لۆجیستیکی رووسیا بدات و وتی: "ئەم جۆرە لێدوانانە مانای ئەوە دەدات، کە رووسیا زەرەر و زیانێکی گەورەی هەیە و بەشداریکردنی کۆریای باکور لە ئۆکرانیا، هانی وڵاتە دراوسێکانی ئۆکرانیاش دەدات تا زیاتر یارمەتیی ئۆکرانیا بدەن.
 
جێگای ئاماژەیە پەیوەندی نێوان رووسیا و کۆریای باکور دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یەکێتی سۆڤێت. دوای هەڵبژاردنی پوتین بۆ یەکەم جار، هەوڵیدا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ئاسایی بکاتەوە و سێ جاریش کیم جۆن ئیلی بینیوە. هەروەها پوتینیش یەکەم سەرۆکی رووسیایە سەردانی کۆریا بکات و لە ساڵی ٢٠١٩دا چاوی بە کیم جۆنگ ئۆن کەوت. کاتێکیش رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا لە ٢٤ی شوباتدا، کۆریای باکور یەکێک بوو لەو پێنج وڵاتەی دژ بەو بڕیارەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگی دا، کە ئیدانەی داگیرکارییەکەی دەکرد.


PM:11:43:06/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 1540 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت