ڕێکخەری سەنتەری میترۆ: بەبێ بڕیاری دادوەر 12رۆژنامەوان و چەندین چالاکوان دەستگیرکراون

‌لۆگۆی سەنتەری میترۆ و دەستگیرکراوەکانی وێستگەنیوز

وێستگەنیوز_

ڕەحمان غەریب رایگەیاند، بەبێ بڕیاری دادوەر و لەسەر کاری رۆژنامەوانی 12رۆژنامەوان لەهەرێمی کوردستان بەهۆی رووماڵی خۆپیشاندانەکان دەستگیرکراون، کە لە نێویاندا 4رۆژنامەوانی وێستگەنیوز هەن.

ئەمرۆ شەممە 6ی ئابی 2022، ڕەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لەمافی رۆژنامەوانان بۆ وێستگەنیوز ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژنامەوانەکان بەبێ بڕیاری دادوەر و لەکاتی ئەنجامدانی  پیشەکەیان دەستگیرکراون، هاوکات، چەندان چالاکوان لەماوەی چەند رۆژی ڕابردوو و وە ئەمرۆ لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون.

رەحمان غەریب وتی، وەکو سەنتەری میترۆ، داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان دەکەین و ئاشکراشی دەکەین کە هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی هەندێک رۆژنامەنووس، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵ و ئۆفیسەکانیان.
 
رۆژی شەممە 6ی ئابی 2022 پێشتر لەلایەن جوڵانەوەی نەوەی نوێوە بۆ خۆپێشاندان دیاریکرابوو. ئەمڕۆش بەشێک هاوڵاتییان ناڕازی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و زۆرێک لە رۆژنامەوان و دەزگای میدیاییەکانی رووماڵی خۆپیشاندانەکەیان کرد و بەوهۆیەوە دەستگیرکران.
 
ڕاگەیەندراوێک لە دەزگای میدیایی وێستگەنیوز 

ئەمڕۆ شەممە 6ی ئابی 2022 تیمێكی میدیایی وێستگەنیوز كە پێكهاتبوون لە رۆژنامەوانان (سیروان غەریب، سەرۆكی دەزگای میدیایی وێستگەنیوز، زانیار مەریوان وێنەگر، هێڤار هیوا دارێژەری هەواڵ، ئەركان جەبار رۆژنامەوان) لە كاتی رووماڵكردنی خۆپیشاندانەكانی شاری سلێمانی لە نزیك بەردەركی سەرا، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركران.

سەرۆکی دەزگای میدیایی وێستگەنیوز لە کاتێکدا هاوکار و هەماهەنگی تیمە رۆژنامەوانییەکەی وێستگەنیوز بووە لەنێو دەستگیرکراوەکانی دەزگاکەمان دایە، وێستگەنیوز لەڕێگەی ئەم راگەیەندراوەوە پاراستنی گیانی تیمەكەی دەخاتە ئەستۆی دەزگا ئەمنییەكان و داوای دەستبەجێ ئازادكردنیان دەكات، چونكە ئەو تیمە تەنیا بۆ رووماڵكردنی خۆپیشاندانەكان بەشێوەیەکی بێ لایەنی و پیشەیی لەو جێگەیەدا بوون کە تێیدا دەستگیرکراون، دەستگیرکردنیشیان دژ بە یاسا بەرکارەکان و پێچەوانەی ئازادی کاری رۆژنامەوانییە.

دەزگای میدیایی وێستگەنیوز
6ی ئابی 2022





PM:06:27:06/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 3728 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو