سەنتەری میترۆ داوا دەکات دەستبەجێ چالاکوانە دەستگیرکراوەکانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئازادبکرێن


وێستگەنیوز_

پاش دەستگیرکردنی چەند چالاکوان و ئەندامێکی نەوەی نوێ، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان داوا دەکات دەستبەجێ چالاکوانە دەستگیرکراوەکانی جوڵانەوەکە ئازادبکرێن.

‎سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوەکردووە، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە خێزان و هاوڕێیانی چەند چالاكوانێكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پێمان گەیشتووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزە ئەمنییەکان  هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵی ژمارەیەك  چالاكوان و ئەندامی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ و دەستگیریان کردوون بەبێ ئەوەی بڕیاری دادگا بخەنەڕوو.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو هێزانە دەستیان گرتووە بەسەر مۆبایلی ئەندامانی  خێزانەکانیان، لە ناویاندا ئایپادی منداڵیشیان بردووە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "سەنتەری میترۆ ئاگادارە کە نەوەی نوێ هیچ راگەیەندراوێکی رەسمی بڵاونەکردووەتەوە کە هانی توندوتیژی بدات، جوڵانەوەکە داوای لە لایەنگرانی کردوە بە هێمنی رای خۆیان دەرببڕن، بۆیە داوا دەكەین  ئەو لایەنەی ئەم كردەوانەی  ئەنجامداوە بۆ ڕای گشتی روون بكاتەوە بە چ بڕگە و ماددەیەكی یاسایی ئەم هەڵمەتەی ئەنجامداوە."

لە کۆتاییشدا دەڵێت، "ئەم هەڵکوتان و دەستبەسەرکردنانە پێچەوانەی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستانە، پێویستە دەستبەجێ ئازادبکرێن.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەپێی زانیارییەکانی وێستگەنیوز، دەوروبەری کاتژمێر 03:00ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، هێزە ئەمنییەکان لە شاری سلێمانی چوونە سەر بارەگای نەوەی نوێ لەبەردەم گوندی ئەڵمانی و ژمارەیەک لە بەرپرسان و لایەنگرانی جوڵانەوەکەیان دەستگیرکردن، لە ناویاندا دوو بەرپرسی باڵای ئەنجوومەنەکە هەیە کە هەریەک لە هیمداد شاهین، وتەبێژی نەوەی نوێ و فاروق غەفور، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەکەن.
 


PM:09:47:04/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 1932 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو