ئۆپیک: لە مانگی داهاتوودا رۆژانە عێراق 12 هەزار بەرمیل نەوتی زیادە بەرهەم دەهێنێت

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌نیوزـ

ئەمڕۆ رێکخراوی ئۆپیک رایگەیاند، بەشی عیراق لە بەرهەمهێنانی زیاتری نەوتی خاو لە مانگی داهاتووەوە 12 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا. ئەمەش دوای رێکەوتنی (ئۆپیک+) دێت بۆ زیادکردنی بەشی بەرهەمهێنەرانی نەوت، کە دەگاتە 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.


لە راپۆرتێکدا رێکخراوی ئۆپیک رایگەیاند، کە "بەشی تایبەت بە عێراق لە بەرهەمهێنانی نەوت بۆ مانگی ئەیلول، بە بڕی چوار ملیۆن و 663 هەزار بەرمیل دیاریی کراوە لە رۆژێکدا، ئەمەش 12 هەزار بەرمیل نەوتی زیاترە، کە بۆ مانگی ئاب دیاریی کراوە و بڕەکەی چوار ملیۆن و 651 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا. بڕی مانگی ئەیلولیش 83 هەزار بەرمیل زیاترە بە بەراورد بە مانگی تەموزی رابردوو".

هەروەها ئاشکراشی کرد، عێراق دووهەمین گەورە بەرهەمهێنەری نەوتە لە رێکخراوەکەدا دوای سعودیە و سێیهەمین گەورە بەرهەمهێنەریشە لە (ئۆپیک+) دوای سعودیە و رووسیا.

راپۆرتەکە سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی، کە بەشی زیادەی بەرهەمهێنانی نەوت لە رێکخراوی (ئۆپیک) بۆ مانگی ئەیلول، دەگاتە 64 هەزار بەرمیل. لەکاتێکدا بەشی هاوپەیمانەکانی ئۆپیک دەگاتە 36 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

رێکخراوی ئۆپیک روونی کردەوە، کە کۆی بەرهەمهێنانی نەوتی رێکخراوی (ئۆپیک+) لە مانگی ئەیلولدا دەگاتە 43 ملیۆن و 955 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
 
جێگای ئاماژەیە رێکخراوی (ئۆپیک) رێکخراوێکی جیهانییە و ساڵی 1960 دامەزراوە، کە 13 وڵاتی بەرهەمهێنی نەوت لەخۆ دەگرێت، کە بریتین لە: ئیمارات، ئەنگۆلا، ئێران، جەزائیر، کۆماری کۆنگۆ، سعودیە، عێراق، گابۆن، گینیا، فەنزوێلا و کوەیت.

بەڵام (ئۆپیک+) رێکەوتنێکە و 23 وڵاتی هەناردەکەری نەوت لە خۆدەگرێت.



PM:04:38:04/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 1240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت