وتەبێژی یونامی: هەزاران ئێزدی هێشتا خۆشگوزەرانییان بەدەستنەهێناوە


وێستگەنیوز_

بەرنامەی هاریکاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، هەزاران هاوڵاتی ئێزدی نەگەراونەتەوە ناو خێزان ئازیزانیان، سەرەرای دیلبوون و ئەشکەنجەدان و تووندووتیژی سێکسی و کۆیلایەتی، هێشتا بەدەست کێشەی دەروونییەوە دەناڵێنن."

سەمیر غەتاس، بەرێوەبەری راگەیاندن و وتەبێژی بەرنامەی هاریکاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ناسراو بە یونامی ئاماژە بەوەش دەکات، "دوای هەشت ساڵ لە هێرشێکی دڕندانە لەلایەن رێکخراوی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام 'داعش'، هێشتا کۆمەڵگەی ئێزدی ئەو ئاشتی و خۆشگوزەرانییەیان بەدەستنەهێناوە کە بەڕاستی شایەنییەتی."
 
دەشڵێت، "هێشتا هەزاران ئێزدی نەگەڕاونەتەوە ناو خێزان و ئازیزانیان. تاوەکو ئێستاش شوێنیان نادیارە. زۆربەی قوربانییەکان لە دوای چەندین ساڵ لە دیلبوون و ئەشکەنجەدان و تووندوتیژی سێکسی و کۆیلایەتی و هەروەها مامەڵەی ئەوپەڕی نامرۆڤانە، بەردەوام بەدەست ئازاری دەروونییەوە دەناڵێنن."

ئاشکراشیکردووە، "ژمارەیەکی زۆری دیکەش هێشتا بە ئازاری لەدەستدانی ئەندامێکی خێزانی خۆشەویستیان، یان تەواوی خێزانەکەیان زاڵنەبوون. هاوکات زۆربەی ئێزیدییەکان لە شوێنی رەسەنی خۆیان ئاوارەبوون. بەهۆی بەردەوامی گرژییەکان، زێدی باوباپیرانیان لە شنگال هێشتا بێبەشە لەو سەقامگیرییە جەوهەرییەی کە پێویستە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ژیانیان، دوور لە ترس و تۆقاندن.
 
سەمیر غەتاس لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت، "دەبێت ئەوە روونبێت کە ئەرکی هەمووانە بێوچان کاربکەن بۆ ئەوەی دەستبەجێ کۆتایی بە دۆخی نالەباری بەردەوامی ئێزدییەکان بێت. هەروەها هەموو هەوڵێک دەدرێت بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ داهاتوویەکی باشتر بۆ خەڵکی شنگال بڕەخسێنرێت. دەوڵەت چەترێکە بۆ هەمووان و دەبێت دەسەڵاتەکەی گەرەنتی بە هەموو هاووڵاتییەکی ئەم وڵاتە بدات، بەبێ گوێدانە لایەنگری سیاسی و ئایینی و نەتەوەیی. هیچ ئێزدییەک و هیچ عێراقییەکی دیکەش نابێت ببێتە قوربانی کێبکڕکێی دەسەڵاتی نێوخۆیی یان هەرێمی."
 
هاوکات دووپاتیدەکاتەوە لەوەی، "دەبێت رێککەوتنی شنگال بەتەواوی جێبەجێ بکرێت، بەبێ دواکەوتنی زیاتر، حوکمڕانی جێگیر و پێکهاتەی ئاسایش زۆر گرنگە. رێگە بەئاوارەکان دەدات دواجار بگەڕێنەوە ماڵەوە، هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە خێراتر بکرێت، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتی باشتربکرێت."
 
وەک پشتگیرییەک بۆ ئێزدییەکان دەڵێت، "نەتەوەیەکگرتووەکان بەردەوامدەبێت لە پەرەپێدان بە رێکارەکانی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش دژی ئێزدییەکان بۆ گەڕاندنەوەی دادپەروەری بۆ هەموو ئەوانەی بەدەست ئەم تاوانە قێزەونەوە دەناڵێنن. ئازادی و دادپەرورەری شانبەشانی ئاشتی و گەشەکردن دەڕوات."

لە کۆتاییشدا دەستخۆشیی و پێزانینێک ئاراستەی ئێزدییەکان دەکات و ئاماژەی داوە بەوەی، "ئێمە دەستخۆشی لە خۆڕاگری ئێزدییەکان دەکەین لە پاراستنی کولتوور و میراتەکەیان سەرەڕای هەوڵەکانی داعش بۆ سڕینەوەیان و سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییە بێشوومارانەی کە کۆمەڵگەکە بەردەوام رووبەڕووی دەبێتەوە. ئەوانەش لە بیرناکەین کە کوژراون یان برینداربوون یان زیانیان بەرکەوتووە. هەروەها ئەوانەش کە بێسەروشوێنن، دەبێت گەڕان بەدوایاندا بەردەوامبێت تاوەکو ئەم بابەتە بە ئازارە کۆتایی پێدێت. لەکاتێکدا یادی ئەم لاپەڕە زیانبەخشەی مێژووی عێراق دەکەینەوە، پابەندی خۆمان بە ئارامی و سەقامگیری بۆ ئێزدییەکان و خەڵکی شنگال دووپاتدەکەینەوە."


PM:12:04:03/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 1932 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو