بۆچی چین دەیەوێت تایوان بخاتە ژێر رکێفی خۆی؟

‌بۆچی چین دەیەوێت بەهێز تایوانی سەربەخۆ، بخاتە ژێر رکێفی خۆی؟

وێستگەنیوز_ ژووری هەواڵ

شی جینبینگی سەرۆکی چین، تایوانی ئاگادارکردەوە، کە وڵاتەکەی واز لە ئەگەری بەکارهێنانی هێزی سەربازیی ناهێنێت تا باڵادەستیی خۆی بەسەر دوورگەی تایواندا بسەپێنێت، کە هەر لە کۆتایی هاتنی شەڕی ناوخۆی چینەوە لە ساڵی 1949وە، رژێمێکی دژ بە چین فەرمانڕەوایی دەکات.
 
جینبینگ لە وتارێکیدا ئاماژە بەوە دەکات، کە دەبێت سەرلەنوێ یەکگرتنەوەی تایوان و چین، لەسەر بنەمای ئەوە بێت کە چین یەک وڵاتە و دان بەوەشدا بنرێت تایوان بەشێکە لە چین". ئەمەش لایەنگرانی سەربەخۆیی تایوان رەتی دەکەنەوە.
 
بۆچی چین دەیەوێت بەهێز تایوانی سەربەخۆ، بخاتە ژێر رکێفی خۆی؟
 
لە 25ی دیسەمبەری ساڵی رابردوو، وەزیری بەرگریی چین، هەڕەشەی ئەوەی کرد، کە "لە دژی شکستهێنان بە هەموو هەوڵێک بۆ جیاکردنەوەی دورگەی تایوان لە چین، ئەوا سوپا دەجوڵێت، ئیدی باجەکەی هەرچەند بێت". جێگای ئاماژەیە دوورگەی تایوان ئۆتۆنۆمییە و پەکینیش جەخت دەکاتەوە کە بەشێکی جیانەکراوەیە لە چین.
 
هۆکاری زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزیی نێوان تایوان و چین، لەلایەکەوە دوای ئەوە بوو، کە ئەمریکای پشتیوانی تایوان، سزای بەسەر سوپای چیندا سەپاند، لەلایەکی تریشەوە بەهۆی ئەو جەنگە بازرگانییەی لەنێوان هەردوو وڵاتەکەدا هەیە و هەوڵی هەردوولاشیان بۆ خۆقایمکردن لەرووی سەربازییەوە لە دەریای باشوردا.
 
جێگای ئاماژەیە، ئەمریکا لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا دوو کەشتیی سەربازیی ناردە گەروی تایوان. ئەمەش دووەم کاری لەوجۆرە بوو لە ساڵی رابردوودا. پاشان پەیوەندی نێوان چین و تایوان زیاتر رووی لە خراپی بوو لە دوای ئەوەی تسای ئینگ ون سەرۆکایەتیی تایوانی گرتە دەست لە ساڵی 2016ەوە و سەر بە پارتی دیمکوکراتیی پێشکەوتنخوازە، کە زیاتر لایەنگری سەربەخۆییە.
 
لە ساڵی رابردووشدا پەکین هەوڵە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی چڕتر کردەوە و مانۆڕی سەربازیی لە دەوروبەری دوورگەکە ئەنجامدا.

لە ئێستادا تایوان ئیدارەیەکی ئۆتۆنۆمیی هەیە، هەرچەندە پەکین وەک هەرێمێکی یاخی لە دەسەڵاتی کۆماری چینی میللیی گەورە سەیری دەکات و"نابێت هیچ سەربەخۆییەکی هەبێت". بەڵام لای خۆشییەوە تایوان وای دەبینێت، کە ئەو زیاتر شایەنی ئەوەیە فەرمانڕەوایی تایوان خۆی و کۆماری چینی میللییش بکات.
 
سەرۆکی چینیش  لە وتارێکیدا وتبووی: "هەردوولایەن، واتا چین و تایوان، نوێنەرایەتی بەشێک لە خێزانی چینیی دەکەن و داوای سەربەخۆیی تایوان، شەپۆلێکە بە پێچەوانەی مێژووەوە و هیچ ئایندەیەکی نییە".
 
زانیاری و راستییەکان
 
• تایوان کە بەفەرمی بەناوی (کۆماری چینی نیشتیمانیی) ناسراوە و دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئاسیاوە، لە پێش ساڵی 1949 و شۆڕشی ماو تسی تۆنگ، بەشێک بووە لە چینی میللیی گەورە.
 
• تایوان سەر بە چینی میللیی بووە تا ساڵی 1859، پاشان بەپێی پەیماننامەی (سیمونسکی)، کەوتە ژێر دەسەڵاتی ژاپۆن، کە پاش شکستی ژاپۆن لە جەنگی جیهانی دووەمدا لە 1945، گەڕایەوە ژێر دەسەڵاتی چین.
 
• کاتێکیش لە دەیەی پەنجای سەدەی رابردوودا دەسەڵاتی کۆمۆنیستەکان لە چین زیادی کرد، بەشێک لە سوپای چین بە سەرکردایەتیی چانگ کای چیک، کشانەوە بۆ تایوان، بەڵام جارێکیتر چین دەسەڵاتی گرتەوە بەسەریدا.
 
• تایوان یەکێک بووە لە ئەندامە دامەزرێنەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
 
• یەکێک بووە لە ئەندامە هەمیشەییەکانی ئەنجومەنی ئاساییش تا ئەوکاتەی لە ساڵی 1971 کورسییەکەی درا بە کۆماری چینی میللی. هۆکاری ئەم گۆڕانکارییەش ئەوەبوو، کە کۆماری چینی یەکگرتوو تاکە قەوارەیەکی سیاسیی بووە کە تا پێش جەنگی ناوخۆ دەسەڵاتی بەسەر هەردوو لادا هەبووە تا سەرئەنجام نەتەوەییەکان دەسەڵات بەسەر تایواندا دەگرن و رژێمی حوکم لە تایوان نیوەسەرۆکایەتییەوپشت بە هەڵبژاردن دەبەستێت.
 
• زۆربەی وڵاتانی جیهان پێیان باشترە لە پەیوەندییە فەرمی و دیپلۆماسییەکاندا مامەڵە لەگەڵ تایواندا بکەن.
 
• کۆماری چینی میللی لە ساڵی 1911 لەلایەن (کۆمینتاگ) و پارتی نەتەواویەتی چینەوە دامەزراوە، لەوکاتەدا کە وڵات دابەش بوو بوو بەسەر دووبەرەیت (کۆمینتاگ و کۆمۆنیستەکان)دا.
 
• کاتێک کۆمینتاگ کۆماری چینیان دامەزراند، تایوانیان کردە پایتەختی وڵاتەکە.
 
• چین لە ساڵی 1949دا تووشی جەنگی ناوخۆ بوویەوە، بەرەیەکیان کۆمۆنیستەکان بوون (کۆماری چینی میللی) و بەرەکەی تر کۆمینتاگ (تایوان) بوو، کەکۆمۆنیستەکان توانیان کۆماری چین دابمەزرێنن و پایتەختەکەشی پەکین بێت.
 
• سێ دوورگەی گەورە هەبوون لە دەرەوەی دەسەڵاتی کۆماری چینی میللیدا بوون، ئەوانیش: هۆنگ کۆنگ کە تا ساڵی 1997 لەژێرسایەی داگیرکەری بەریتانیدا بوو. ماکاو کە لەژێر سایەی ۆورتوگالدا بوو. سێیەمیشیان فۆرموزای سەربەخۆیە، کە دواتر ناوی تایوانی هەڵگرت.
 
• هەر لەوکاتەوە چین دەیەوێت باڵادەستیی خۆی بەسەر تایواندا بسەپێنێت.



AM:11:52:03/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 2964 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت