ئەیمەن ئەلزەواهیری... لە پزیشکی چاوەوە بۆ سەرۆکی رێکخراوی ئەلقاعیدە

‌ئەیمەن ئەلزەواهيری

ئامادەکردنی: وێستگەنیوز

دوای ئەوەی ويلايةتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هێرشێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە کابولی ئەفغانستان، کوژرانی سەرۆکی رێکخراوی ئەلقاعیدەی راگەیاند، جارێکیتر ناوی ئەیمەن ئەلزەواهریی بووەوە بە باسی راگەیاندنەکان و زۆرێک دەپرسن: ئەیمەن ئەلزەواهریی کێیە؟.


ئەلزەواهری لە شاری قاهیرە لە 19ی حوزەیرانی ساڵی 1951 لە خێزانێکی مامناوەند لە دایک بووە، کە چەند دکتۆر و زانای ئاینیی تێدابووە. بۆ نموونە باپیری شێخی زانکۆی ئەزهەر بووە و مامێکیشی یەکەمین سکرتێری گشتیی کۆمکاری وڵاتە عەرەبییەکان بووە. وەک دەوترێت، باوکیشی، کە لە ساڵی 1995 کۆچی دوایی کردووە، مامۆستابووە لە بەشی دەرمانسازیی زانکۆی قاهیرە.

ئەلزەواهریی لە مێرمنداڵییدا زۆر کاریگەر دەبێت بە نووسینەکانی سەید قوتب، ئەمەش وادەکات هەر لە تەمەنێکی کەمەوە بچێتە ناو چالاکیی بزاوتە ئیسلامییە سیاسییەکانەوە و لە تەمەنی پازدە ساڵیدا، بەهۆی ئەندام بوونی لە کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین، دەستگیربکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا لە ساڵی 1974 لە زانکۆی قاهیرە کۆلیژی پزیشکیی تەواو دەکات و بۆ ماوەی سێ ساڵ لە سوپادا وەک پزیشک کار دەکات و لە ساڵی 1978 پلەی ماستەر بەدەست دەهێنێت.

لەنێوان ساڵانی 1980 و 1981 وەک کارمەندی فریاکەوتن لەگەڵ رێکخراوی مانگی سور دەچیت بۆ پیشاوەر لە پاکستان تا یارمەتی پەنابەرانی ئەفغانیی بدات.

ئەلزەواهیریی وەک گەنجێکی رادیکاڵ
ئەلزەواهریی هەر لەسەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەی جیهادی ئیسلامیی لە ساڵی 1973، پەیوەندییان پێوە دەکات و لە ساڵی 1981 لەگەڵ ئەوانەدا دەستگیردەکرێت، کە بە کووشتنی سەرۆکی میسری ئەوکاتە، ئەنوەر سادات تاوانبار دەکرێن. لە یەکێک لە دانیشتنەکانی دادگادا، ئەلزەواهریی وەک وتەبێژی گومانلێکراوەکان قسە دەکات. لەگەڵ ئەوەی لە کووشتنی ئەنوەر ساداتدا دادگا تاوانباری ناکات، بەڵام بەهۆی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، دادگا سێ ساڵ زیندانیی دەکات.

بەپێی قسەی هاوڕێکانی لە زینداندا، ئەلزەواهیریی رووبەڕوی ئەشکەنجەی زۆر بۆتەوە، کە ئەمەش وای لێ کردووە بەرەو تووندڕەویی بڕوات. لە ساڵی 1985 دوای ئازادکردنی لە زیندان، بەرەو وڵاتی سعودییە دەڕوات. پاشان دەچێت بۆ پیشاوەر لە پاکستان و ئەفغانستان و دژ بە داگیرکاریی رووسیا لە ئەفغانستان، دەستەیەک چەکدار وەک جیهادی ئیسلامیی میسریی پێکدەهێنێت و خۆشی وەک پزیشک کاردەکات.

دوای دەرکەوتنەوەی کۆمەڵەی جیهاد لە ساڵی 1993، ئەلزەواهیریی سەرۆکایەتیان دەکات و بە کەسی سەرەکی دادەنرێت لە پشت ئەو زنجیرە هێرشانەی لەناو میسر ئەنجامی دەدەن و زیاتر لە 1200 کەس دەبنە قوربانیی تیایاندا، کە لەناو ئەو زنجیرە هێرشانەدا، هەوڵی کووشتنی سەرۆک وەزیرانی میسری ئەوکاتە عاطف صدقی هەیە.

لە ئەنجامی ئەوکارانەی بزووتنەوەکەیان دەیکات، لە ساڵی 1999، لەلایەن دادگایەکی سەربازیی میسرییەوە فەرمانی لە سێدارەدانی بە غیابیی بۆ دەردەچێت.

ساڵانی دوای کشانەوەی رووسیا لە ئەفغانستان، دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئەلزەواهیریی لە بولگاریا، دانیمارک و سویسرا ژیابێت و بەپاسپۆرتی ساختەوە چووبێتە ناوچەی بالکان، نەمسا، یەمەن، عێراق، ئێران و فلیپین.

هەروەها دوای ئەوەی بن لادن دەچێتە سودان لە ساڵی 1992، ئەلزەواهیریش دەچێتە لای و لە ساڵی 1995 شکست دەهێنن لە هەوڵی کووشتنی حوسنی موبارەکی سەرۆکی میسری ئەوکاتە. بەم هۆیەشەوە و لەژێر فشاری نێودەوڵەتیدا سودان بن لادن و ئەزەواهیری و لایەنگرانیان دەردەکات.

بەپێی سەرچاوەکانیش، لە ساڵی 1996 ئەلزەواهیری بۆ ماوەی شەش مانگ لە روسیا زیندانی دەبێت دوایی ئەوەی دەیەوێت بەدزییەوە لە رێگای داغستانەوە بچێت بۆ شیشان.
 
لەساڵی 1997 ئەلزەواهری دەچێتە شاری جەلال ئابادی ئەفغانی، کە بن لادنیش لەوێ دەژیا.

دوای ساڵێک رێکخراوی جیهاد و پێنج دەستەی رادیکاڵیتری ئیسلامیی دەچنە پاڵ بن لادن و بەرەی ئیسلامیی جیهانیی بۆ جیهاد دژ بە یەهود و خاچپەرستان درووست دەکەن. کە لەگەڵ راگەیاندنی بەرەکەدا، فەتوای کووشتنی کەسانی سیڤیلی لەناو ئەمریکا دا و دوای شەش مانگ لە دوو هێرشدا، سەفارەتی ئەمریکا لە کینیا و تەنزانیا تەقێنرایەوە و بەهۆیەوە 223 کەس بوونە قوربانیی.

لەدوای کووژرانی بن لادن لە ساڵی 2011، ئەلزەواهیری سەرۆکایەتی رێکخراوی ئەلقاعیدەی گرتە دەست تا سەرئەنجام سەرلەبەیانی رۆژی شەممە لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان، دوای چەندین ساڵ لە چاودێری و شوێن پێ هەڵگرتن، بە دوو مووشەکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کوژرا.


AM:10:27:02/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 4168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت