چین له‌ باره‌ی پلانی ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنی مانگه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌نیوزـ

حكومه‌تی په‌كین رۆژی دووشەممە تۆمەتێکی سەرۆکی رێکخراوی ناسای رەتکردەوە کە وتبووی رەنگە چین وەک بەشێک لە بەرنامە سەربازییەکانی لەسەر مانگ بنیشێتەوە.

 
حكومه‌تی په‌كین لە دەیەی رابردوودا خێرایی بەرنامەکانی تایبەت بە وڵاتەکەی بۆ بۆشایی ئاسمانی بەرزکردووەتەوە، چین یەکەم جار لە ساڵی 2013دا بەبێ تیم نیشتنەوەی لەسەر مانگ ئەنجامدا و پێشبینی دەکات لە کۆتایی ئەم دەیەدا موشەکی بەهێز بنێرێتە سەر مانگ.

بیل نێڵسن، بەڕێوه‌بەری کارگێڕی ناسا لە چاوپێکەوتنێکدا کە رۆژی شەممە 1ی ته‌مموزی 2022، بڵاویکردەوە، ئاماژەی بەوە کرد: "دەبێت بە نیشتنەوەی چین لەسەر مانگ نیگەران بین زۆر نیگەران بین".
 
سەرۆكی دەزگای بۆشایی ئاسمانی ئەمریكا رایگەیاند، بەرنامەی بۆشایی ئاسمانی چین بەرنامەیەكی سەربازییە بیرۆكە و تەكنەلۆژیای لە كەسانی دیكە دزیوە.
 
ژاو لیجیان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئەوەی راگەیاند: "ئەمە یەکەمجار نییە سەرۆکی نیشتمانی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا چاوپۆشی لە راستییەکان بکات و نابەرپرسانە لەبارەی چینەوە قسە بکات".
 
ئەوەشی راگەیاند: "ئەمریکا بەردەوام هەڵمەتی چەواشەکاری داوە لە دژی هەوڵەکانی چین بۆ چوونە بۆشایی ئاسمان، چین بە توندی دژی ئەو جۆرە لێدوانانەیە و بە نابەرپرسیارانە لەقەڵەمی دەدات".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، چین هەمیشە پەرەی بە بنیاتنانی داهاتوویەکی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی لە بۆشایی ئاسمان داوە، ئەو وڵاتە دژی پەرەپێدانی چەک و هەر پێشبڕکێیەکی چەک بووە لە بۆشایی ئاسماندا.
 
ئاژانسی ناسا لەژێر پرۆگرامی ئارتەمیسدا پلانی هەیە لە ساڵی 2024دا تیمێک بنێرێت بۆ ئەوەی بەدەوری مانگدا بسوڕێتەوە و تا ساڵی 2025 بە تیمێک لە نزیک جەمسەری باشووری مانگ بنیشێتەوە، پلانیشی هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەرکی بێ تیم لە جەمسەری باشووری مانگ.



PM:05:33:05/07/2022


ئه‌م بابه‌ته 4040 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو