پەرلەمانتارێکی پارتی: هەفتەی داهاتوو لەگەڵ یەکێتی دەگەینە ڕێککەوتن

‌کۆشکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق

وێستگەنیوز_

هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەکانی پارتی لە بەغدا لەگەڵ لایەنەکان دەستپێدەکات، پەرلەمانتارێکی پارتیش دەڵێت، "لەگەڵ یەکێتیش لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کۆبوونەوەمان دەبێت و لێکنزیکبوونەوەش هەیە".

 
ئەمڕۆ سێشەممە، 28ی حوزەیرانی 2022، شوان محەمەد، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنەکان بە کەناڵی رووداو-ی راگەیاند، "هەندێکجار چوارچێوەی هەماهەنگی خۆیان سەردانمان دەکەن و کۆدەبینەوە. لەگەڵ یەکێتیش بەردەوام گفتوگۆمان هەیە و بڕیارە لە هەفتەی داهاتووش کۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنەکان بە یەکێتیشەوە دەستپێبکات".
 
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی وتی، "تاوەکو ئێستا بەربژێری ئێمە رێبەر ئەحمەدە و بەربژێری یەکێتی بەرهەم ساڵحە، بەڵام لێکتێگەیشتن و نزیکبوونەوە هەیە و پێموایە لەگەڵ دەستپێکی کۆبوونەوەکانمان لە هەفتەی داهاتوودا دەگەینە رێککەوتن و ئەو بابەتەش یەکلادەبێتەوە".
 
سەبارەت بە مەرجی بەشداریکردنیان لە حکومەتی داهاتووی عێراق، شوان محەممەد راگەیاند، "کاغەزێکمان هەیە کە بریتییە لە مافە یاسایی و دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئەگەر هەر لایەنێک لە لایەنەکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراق بێتە پێشەوە ئەوە هیچ گرفتێکمان نابێت و بەشدار دەبین لە پێکهێنانی حکومەت".
 
رۆژی پێنجشەممە، 23ی حوزەیرانی 2022، پەرلەمانی عێراق بۆ سوێندخواردنى پەرلەمانتارانى نوێ لە شوێنی پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکانی فراکسیۆنى سەدری کۆبووەوە و فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بەشداریی کۆبوونەوەکەی کرد.


PM:10:55:28/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 2176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت