وتەبێژی یەكێتی: لەگەڵ ئەوە نین كورد ببێتە بەشێك لەململانێی نێوان هێز و لایەنە سیاسیەكانی عێراق

‌سۆران جەمال تاهیر، وتەبێژی یەکێتی

وێستگەنیوز_

سۆران جەمال تاهیر، وتەبێژی یەكێتی ڕایگەیاند، گفتوگۆكانی نێوان پارتی و یەكێتی و لایەنە سیاسیەكان بەگشتی كاردانەوەی ئەرێنی هەبووە، و نزیك بوونەوەی باش هەیە بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەو گرفتە سیاسی و ئابوریەكان.

سۆران جەمال تاهیر، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و وتەبێژی یەکێتی، لە میانەی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای حیزبەکەی وتی، یەكێتی لە سۆنگەی بەپرسیاریەتی و ئاستی بەشداریكردنی لەحكومەتی هەرێم بەپرسیاریەتی هەڵگرتووە و هەوڵی جددی داوە لە پێناو باشكردنی بارودۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان، و ڕایگەیاند حكومەتی هەرێم دەبێت هەوڵەكانی چڕتر بكاتەوە لە پێناو چارەسەركردنی كەمووكورتیەكان و دابینكردنی خزمەتگوزاری لە سێكتەرە جیاوازەكان لە تەندروستی و پەروەردە و بوژاندنەوەی بازاڕ و دابینكردنی هەلی كار و خزمەتی گشتی، كەلەئاستی پێویستدا نین.

لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەگفتوگۆكانی یەكێتی لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسیەكانی عێراق لەپێناو دەرباز بوون لەو بنبەستە سیاسییە و هەڵبژاردنی حكومەتێكی نوێ خزمەتگوزار وتی، عێراق بە بارودۆخێكی سەخت و دژوار تێدەپەڕێت و ئێمە وەكو یەكێتی هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ سازان و لێكتێگەیشتن بووین، و بڕوامان بە زمانی گفتوگۆ هەبووە بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسیەكان، و لەگەڵ ئەوە نەبوین كورد ببێتە بەشێك لەململانێی نێوان هێز و لایەنە سیاسیەكانی عێراق.

ئاماژەیدا بەوەشدا كە دەبێت ڕێز لە هەموو نەتەوە و پێكهاتەكان بگیرێت، وڕۆڵیان هەبێت لە حكومەتی داهاتووی عیراق، لەپێناو دامەزراندنی حكومەتێكی بنكە فراوانی بەهێزی بونیادنەر، كە لەئاستی داوا و داخوازیەكانی هاوڵاتیان بێت.

هەر لەو ڕوانگەیەشەوە جەختی لە گرنگی هەماهەنگی و هاوكاری نێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانی كردەوە، لەپێناو تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سیاسییە چەقبەستووەی عێراق پێدا تێدەپەڕێت و پێكهێنانی حكومەتێك وڵات بەرەو كەناری ئارامی و سەقامگیری ببات.

سەبارەت بەگفتوگۆكانی نێوان هێز و لایەنە سیاسیەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان وتی، یەكێتی جەخت لەسەر بیروڕاكانی دەكاتەوە كە بەزووترین كات هەڵبژاردن بكرێت وكۆمسیونی باڵای هەڵبژاردن كارا بكرێتەوە ویاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێت، بە هەماهەنگی وسازانی هێز ولایەنە سیاسیەكان، كەتێدا فرەبازنەیی پەیڕەو بكرێت و پێكهاتەكان بەئازادانە دور لەدەست تێوەردان نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن وتۆماری دەنكدەران باكژ بكرێتەوە، و كاربە سیستمی بایۆمتری بكرێت بۆ شێوازی دەنگدان لەچوارچێوەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە كوردستان.

سەبارەت بەكەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی هەرێمی كوردستان، وتەبێژی یەکێتی رایگەیاند، یەكێتی هەمیشە جەختی لە پاراستنی پێكەوە ژیان و مافی پێكهاتەكانی ئەو شارە كردووەتەوە، و لە دیداری یەكێتیی باسو خواستی زۆری لەسەر كراوە، و گەلێك ڕاسپاردەی بۆ كراوە، و یەكێتیی بەبەرنامەیەكی گشتگیر هەوڵی خزمەت كردنی كەركووك و هاوڵاتیانی ئەو ناوچانەی دەدات بەبێ جیاوزای و بە لوتكەی ئەولەویاتی خۆی دەزانێت، كە ئێستا بەدەست ناعەدالەتی و جیاكاری و كەمی خزمەتگوزاریەوە دەناڵێنن.


AM:10:36:26/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 1984 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو