سەرچاوەیەک: لیژنەیەک لە بەغدادەوە دێنە قادر کەرەم.. دۆخی ناوچەکە ئاساییە

‌دیمەنێک لە کێڵگەی کۆرمۆر

وێستگەنیوز-

ژمارەیەک هێزی پێشمەرگە و هێزی تایبەت، ڕەوانەی نزیک کێڵگەی کۆرمۆر کراون لە ناحیەی قادر کەرەم-ی چەمچەماڵ، هێزەکان لە سلێمانییەوە چوون و سبەینێش لیژنەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەگاتە ناوچەکە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاگادار، کە ویستی ناوی ئاشکرانەکرێت ئەمشەو 25ی حوزەیرانی 2022 بە وێستگەنیوز-ی وت، " دۆخی ئەمنی قادر کەرەم و ئەو دەنگۆیانەی بۆ پێکدادان بڵاودەکرێنەوە لە ئەرزی واقعدا بوونیان نییە و تائێستا دۆخ ئاساییە".


ئاماژەی بەوەشکرد، "ئامانج لە جوڵاندنی هێز بۆ پاراستن و جێبەجێکردنی پلانی ئەمنیییە بۆ کێڵگەی کۆرمۆر لەو هێرشانەی چەند رۆژێکە بە کاتیۆشا دەکرێتە نزیک کێڵگەکە".

بە وتەی هەمان سەرچاوە، " بڕیارە سبەینێ لیژنەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی عیراق بگەنە ناوچەکە و لەو هێرشانەی چەند رۆژی ڕابردوو و ئەو دەنگۆیانە بکۆڵنەوە دەربارەی پێکدادان بڵاودەکرێنەوە لە نێوان پێشمەرگە و هێزی عێراقی".

پێشتر، سه‌فین دزه‌یی، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تویته‌ر رایگەیاند، پێویستە حکومەتی فیدڕاڵ رێوشوێنی خێرا بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لەم مووشەکبارانە.

دزه‌یی ده‌شڵێت،"حکومەتی هەرێم هەموو هەنگاوێک دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی سەروماڵی کرێکارەکان و خەڵکی ناوچەکە".

ئەوە لەکاتێکدایە، چەند رۆژێک لەمەوبەر، بۆ یەکەمجار هێرش بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عێراقەوە ئەنجامدرا، دوێنێ هەینی، بۆ دووەمجار هێرشکرایە سەر ئەو کێڵگەیە، ئەمڕۆش بۆ جاری سێیەم هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر.

ئەمڕۆ شەممە، ئەحمەد موفتی بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، جگە لە بەرهەم هێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرومۆر، کارەباش بەرهەم دەهێنرێت، کۆمپانیای دانە غازیش بەردەوامن لە ئیش و کارەکانیان.

ئاماژەی بەوەشدا، بوونی مەترسی پەلاماردانی کێڵگەی کۆرومۆر لەلایەن عێراقەوە پرسێکی ئەمنییە و ئەمنیەتی کێڵگەکە لای وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ترە.


PM:10:05:25/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 6176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت