پارتی سێ مەرجی سەرەکیی بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق هەیە

‌دیمەنێک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

وێستگەنوز_

فراکسیۆنەکانى پارتى و هاوپەیمانى سەروەریى سوننەکان دەڵێن، پێش کۆبوونەوەی پەرلەمانى عێراق رێککەوتنى بەراییان لەگەڵ هاوپەیمانی چوارچێوەى هەماهەنگى کردووە.

 
رێککەوتنە بەراییەکە لەسەر بنەماى هاوبەشی، سازان و هاوسەنگییە، بەڵام دۆسییەکانی پارتى و سەروەریى سوننە جیاوازن. ئەوانەى پەیوەندیدارن بە کوردەوە کە لە رێککەوتنەکە باسی چارەسەرکردنیان کراوە، وە میدیای پارتی بڵاویکردۆتەوە،  یەکەم: پەسەندکردنى پڕۆژەیاساى نەوت و گازى عێراق، دووەم: ناردنى شایستەى دارایی هێزی پێشمەرگە و سێیەم: کاراکردنەوەى ماددەى 140ى دەستوور، سەرەکیترینیانن.
 
پارتى دیموکراتى کوردستان و هاوپەیمانى سەروەری کە پێکەوە خاوەنى 95 کورسین، بەشێکن لە هاوپەیمانى رزگارکردنى نیشتمان کە رەوتى سەدر تێیدا بەشدارە، هەرچەندە لە پرۆسەى سیاسی کشاوەتەوە.
 
رزگارکردنى نیشتمانى رکابەرى هاوپەیمانى چوارچێوەى هەماهەنگییە کە زۆینەى لایەنە شیعەکان لەخۆ دەگرێت و لەدواى کشانەوەى سەدر ئەو هاوپەیمانێتیە دەبێتە گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمانى عێراق.
 
دوای کشانەوەى 73 پەرلەمانتارەکەى سەدر، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانى چوارچێوەى هەماهەنگییە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، کە زیاتر لە هەشت مانگە عێراقییەکان چاوەڕێی دەکەن.
 
نزیکەى دوو هەفتە ماوە بۆ دەستپێکردنى وەرزى دووەمى یاسادانانى پەرلەمانى عێراق کە بڕیارە لە 9ى تەممووز دەست بە کۆبوونەوەکانى بکاتەوە.


AM:09:05:24/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 2480 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو